سەنتەری میترۆ داوا دەکات كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو بكرێتە ئەجیندای حکومەتی داهاتوو

سەنتەری میترۆ لە ڕۆژی جیهانیی کۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزاکانی کەیسی ڕۆژنامەنوسان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوایکردووە ئەو پرسە بخرێتە ئەجێندای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە سەنتەری میترۆ وەك ئەندامێكی كەمپینی جیهانی بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكانی دەرهەق بە رۆژنامەنوسان، سبەێنێ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و بە سەرپەرشتی یونسكۆ و هاوبەشی كۆمەڵێك لە رێكخراوی نێودەوڵەتی، بەشدار دەبێت لە رێكسختنی پێشانگایەك بۆ رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكوری ئەفریقیا".

سەنتەرەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەو پێشانگایەدا وێنە و ژیاننامەی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو لە هەرێمی كوردستان‌ و ناوچەكانی تری عێراق، بڵاودەكرێتەوەو بە ئامادەبونی میدیا عەرەبی و جیهانییەكان".

میترۆ داواش دەکا "كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو بكرێتە ئەجیندای حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان،كابینەی تازەش بە ئاشكرا سەركۆنەی ئەو تاوانانە بكات‌و ‌وسەرلەنوێ لێكۆلێنەوە لەو كەیسانەدا بكات" .

كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2013وە رۆژی 2ی تشرینی دوهەمی دیاریكردوە وەك رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەكرێت.



AM:09:18:02/11/2018