تورکیا دەیەوێت کۆتایی بە پەیوەندیەکانی ئەمریکا و یەپەگە بهێنێت

جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا، لەسەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی، دەبێت كۆتایی بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، سەدات ئۆنال، 1 و 2ی ئەم مانگە سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكای كردووەو لەگەڵ راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەیڤد هالەو راوێژكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جۆن روود كۆبووەتەوە.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوە داوە، لەكۆبوونەوەكاندا باس لە بەرەوپێشبردنی هەلومەرجی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوەو جەختیان لەسەر باشتركردنی میكانیزمەكانی هەماهەنگییەكانی ئێستا كردووەتەوە.

لەراگەیەندراوەكەدا جەخت لەوەش كراوەتە، كە لەمیانی كۆبوونەوەكاندا خۆشحاڵی دەربڕدراوە لەبارەی دەستكردن بە دەورییە هاوبەشەكان بەپێی نەخشە رێگای منبج، كە پێشتر وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئەمریكا لە سەری رێكەوتوون و لایەنی توركی بە گرنگی زانیووە نەخشە رێگاكە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیادا هاتووە، "پەیوەندیدار بەمەوە تیشك خرایە سەر ئەوەی كۆتاییهێنانی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ پەیەدە/یەپەگە هەم لەرووی ئاسایشی نیشتمانی توركیا و هەم بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتی یەكجارەكی لە سوریا پێویستییەكی بنەڕەتییە".

لەساڵی 2014وە لە ڕۆژهەڵاتی فورات پەیوەندی لەنێوان ئەمریكاو یەپەگە بۆ شەڕی دژی داعش‌ بەردەوامە و توركیاش بەو پەیوەندییە نیگەرانە.



PM:04:17:03/11/2018