لە دانانی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مامەڵە بە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە کراوە

لەو گفتوگۆی دوو لایەن و چەند لایەنەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆکی عێراق کە ئێرانییەکان و ئەمەریکیەکانیش دەوریان تێدا بینی، پارتی پێشنیاری بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بەرپرسێکی یەکێتی کردووە، تا کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکشێننەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار بە سپی راگەیاند" رۆژی ٢ ی تشرینی یەکەم کە رۆژێکی گەرم بوو لە رۆژی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان بەرهەم ساڵح و د. فواد حسێن دا، بەرپرسێکی بالآی پارتی پێشنیاری ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بەرپرسێکی یەکێتی کردووە کە بەرامبەر ئەو بڕە پارەیە دەستبەردرای بەرهەم ساڵح بن، تا د. فواد حسێن ببێت بە تاکە کاندیدی کورد بۆ سەرۆکی عێراق و لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی پێبدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی سپی، ئەو بەرپرسەی یەکێتی رەزامەندنی لەسەر ئەو بڕە پارەیەو پێدانی چەند پۆستێک لە بەغدا و لە حکومەتی ئایندەی هەرێم، رازی بووە، بەلآم دواتر ئەو بەرپرسانەی تری وەفدەکەی یەکێتی لەبەغدا ئەو داوایەی پارتیان رەتکردۆتەوە، جەختیان لەسەر بەرهەم ساڵح کردۆتەوە وەک کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە وەفدەکەی پارتی زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردۆتە کە فواد حسێن بکرێتە سەرۆک کۆمارو، چەندان جار ئەوەیان دوو پاتکردۆتەوە کە " نابێت قسەی مەسعود بارزانی سەرۆک بشکێنرێت".

سەرچاوەکەی سپی، باس لەوە دەکات لە کاتێکدا هەرێم تا ئێستا سیستەمی پاشکەوتی مووچەی بەتەواوی هەڵنەگرتووەو حکومەت قەرزارێکی زۆری مووچەخۆرانی هەرێمە، هەروەها بەسەدان پرۆژەی ئابوری راوەستاوەو حکومەت تا ئێستا قەرزاری کۆمپانیا ناوخۆی و بیانییەکانە، لەپای چی ئەم بڕە زۆرە بۆ پۆستێک دەدرێت، ئایا سەرچاوەی ئەو پارەیەک موڵکی گشتی نییە؟

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئایا ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە رەزامەندی لەسەر ئەو بڕە پارەیەی پارتی پێشنیاری کردووەو دوای هاوڕێکانی رەتیان کردۆتەوە، ئایا بەو شێوەیە داکۆکی لە مافی کورد و پشکی حیزبەکەیان لە بەغدا دەکەن، کەواتە چی جیاوازیەکیان هەیە لەگەڵ دیاردەی پۆست کڕین و فرۆشتن بە ملیۆنەها دۆلار کە عەرەبی سونەو شیعە لە کاتی دابەشکردنی پۆستەکان لەبەغدا ئەنجامی دەدەن.

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە دەسەلآتی کوردی شتێک نەماوە لە کوردستان مامەڵەی پێوە نەکەن، هەر لەسەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی تا گەیشتە پۆستەکانی کورد لەبەغداش، وا ئەم مامەڵەیەش هاتە نێو دنیای سیاسەتی بێ پرەنسیپی هەرێمەوە.


 



PM:10:06:03/11/2018