داوایەک ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

گروپێک کە خۆیان وەک هاوڕێ و هاوڵاتی هەرێمی کوردستان ناساندووە داوا لەو پەرلەمانتارەنەی خوڵی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کە ماوەککەیان تەواو بووە بگەڕێنەوە سەر کارەکەی پێشوتریان و ئەو بڕە پارەیەش کە بۆ خانەنشینی پێیان دەدرێت بەشێكی لەڕێگەی رێکخراوێکەوە ببەخشنە خەڵکی کەمدەرامەت.

عەزیز ڕەئووف، نوێنەری گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا یاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە پێمان باشە ئێوە بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشوی خۆتان و هەم سەروەری بۆ خۆتان و بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش تۆمار دەکەن، ئەگەر نەکرا و دەسەڵات کارئاسانی بۆ نەکردن ئەوا ئێمە چارەسەرێکی گونجاو ڕادەگەیەنین".

دەشلێت، "هەر پارلەمانتار، وەزیر، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەرێکی گشتی، هەر خانەنشینکراوێکی پلە باڵاکان، چارەکێک لە خانەنشینیەکەی بۆخۆی هەڵگرێت و ئەوەی تری بەسەرپەرشتی چەند کەسایەتی و ڕێکخراو بە پڕکردنەوەی )تعاهد( لە دادنوس، بڕی پارەکە بدات بە ماڵ و خەڵکی کەم دەرامەت". 

دەقی بەیاننامەکە:

بۆ بەڕێزان/گشت پارلەمانتاری خانەنشینکراو
بۆ بەڕێزان/ گشت وەزیر و خانەنشینی پلەباڵاکان
بابەت / بانگەواز
دوای ڕێز و سڵاو
بەڕێزان وەک دەزانن بابەتی خانەنشینکردنی ئێوە بەو بڕە پارەیە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو خەڵکدا دروست کردووە، بۆیە هەندێکتان پێتان وایە غەدرتان لێ دەکرێ و زۆربەشتان پێتان وایە کە ئەمە بە یاسا ڕێکخراوە و تاوانی ئێوەی تێدا نیە. ئێمە پێمان باشە ئێوە بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشوی خۆتان و هەم سەروەری بۆ خۆتان و بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش تۆمار دەکەن، ئەگەر نەکرا و دەسەڵات کارئاسانی بۆ نەکردن ئەوا ئێمە چارەسەرێکی گونجاو ڕادەگەیەنین. لەم بارەیەوە ئێمە وەک کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوڵاتی ئەم هەرێمە دوور لە ئینتیمای هیچ پارتێکی سیاسی گەیشتینە ئەم چارەسەرەی لای خوارەوە:

هەر پارلەمانتار، وەزیر، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەرێکی گشتی، هەر خانەنشینکراوێکی پلە باڵاکان، چارەکێک لە خانەنشینیەکەی بۆخۆی هەڵگرێت و ئەوەی تری بەسەرپەرشتی چەند کەسایەتی و ڕێکخراو بە پڕکردنەوەی )تعاهد( لە دادنوس، بڕی پارەکە بدات بە ماڵ و خەڵکی کەم دەرامەت. بۆ نمونە پارلەمانتارێک شەش ملیۆن خانەنشینی وەردەگرێت، دوو ملیۆن بۆخۆی هەڵگرێت و چوار ملیۆن بگەڕێنێتەوە و ئەمەش لانی کەم دەبێتە موچەیەکی 500 هەزاری بۆ هەر ماڵێکی کەمدەرامەت و هەشت تا دە ماڵی هەژار سودمەند دەبن لەم پارەیە. 

ئێمە پێمان وایە لەدەرەوەی دەسەڵات ئەمە ڕێگە چارەیەکی باشە و ناوی ئێوەش بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە کە توانیوتانە دەستان هەبێت لە باشترکردنی ژیانی چەندین ماڵی کەمدرامەت و چەندین منداڵی خوێندکاری هەژار. ئێمەش لەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ناوی هەژار و کەمدرامەتەکان لە شار و شارۆچکەکان تۆمار دەکەین و مانگانە یەکێک لەو خێزانە هەژارانە بڕە پارەکە وەردەگرێت. ئەم بانگەوازە سەرجەم پارلەمانتار و بەرپرسانی خولەکانی پێشوش دەگرێتەوە و بڕی پارەکە ئەوەندە زۆرە دڵنیاین کەلێنێکی گەورە پڕ دەکاتەوە بۆ هەژاران و کەم دەرامەتان.

ئەم بانگەوازە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لەگەڵ ئەو بەرپرسە خانەنشینکراوانە ناوەکانیان ڕادەگەیەنین و وەک ( کەریمی عەلەکە یان وەک حاتەمی تەی) ئەم سەردەمە ناویان دەبەین. 

بەڕێزان ، تکایە پێمان مەڵێن ئێمە لەڕێگەی حزبی خۆمان یان لەڕێگەی ڕێکخراوی خێرخوازی خۆمانەوە یارمەتی خەڵکی هەژار دەدەین. 
فەرموو لەمڕۆوە با دەست پێ بکەین و تکایە پەیوەندیمان پێوە بکەن. 

(ڕێکخراوی گوتار بۆ گەشەپێدان)، کە ڕێکخراوێکی ناحکومیە خۆبەخشانە بەم ئەرکە هەڵدەسێت و کارئاسانی تەواو دەکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستنیشانکردنی ماڵە هەژارەکان. 

بەدەنگەوەهاتنتان نیشانەی دڵسۆزیتانە
نوێنەری گروپ
عەزیز ڕەئووف
ژمارەی تەلەفۆن و WhatsApp & Viber: 009647701563115


PM:01:40:05/11/2018