دەربارەی موچەی ئەم توێژەی هەرێم
حکومەتی عێراق هەنگاوێکی ئیجابی دەنێت


سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق هاویشتوویەتی دەربارەی مووچەی شەهیدان و زیندانیان بە هەنگاوێکی " باش " وەسف دەکات.

د. ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك لە پۆستێکدا بڵاویكردۆتەوە " ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری تەشریعی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە ٢٦ ساڵی ٢٠١٨ سەبارەت بە یەكخستنی ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی قارەمان لە ھەرێم لەگەڵ ھاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵی، ئەمەش جێبەجێكردنی ماددەی ١٣٢ ی دەستوورە، كە بە دەقی ئاشكرا ئەم بابەتەی خستۆتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕالی.

هەروەها دەشڵیت" خۆشبەختانە بە ھەوڵی ھەموو لایەك، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دكتۆر حەیدەر عەبادی بە نووسراوی نووسینگەكەی ژمارە ١٠٥٣٢ لە ڕۆژی ٣١/ ٧/ ٢٠١٨ فەرمانیداوە بە وەزارەتی دارایی و دەزگای شەھیدان و دەزگای زیندانیانی سیاسی لە بەغدا بۆ وەرگرتنی تەفاصیلی ژمارەكان لە ھەرێم بۆ جێبەجێكردنی و فەرمانگەی قانونی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش بە نووسراوی ژمارە ٢٦١٧٩ لە ٢٤-٧-٢٠١٨ لاریی نەبوونی خۆیان پیشانداوە بۆ بەجێگەیاندنی".

ڕاشیگەیاندووە، بە نووسراوی (سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران) ژمارە ٥٥٠١ لە ٢٣-١٠-٢٠١٨ و بە ئیمزای بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ھەرێم لەسەر ڕاپۆرتی ھاوبەشی (ھەردوو وەزارەتی شەھیدان و دارایی و تیمی بایۆمەتری نووسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران) ناو و ژمارەی تەواوی شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی تۆماركراو لە سیستمی بایۆمەتری دوێنێ ڕەوانەی حكومەتی فیدڕاڵی كراوە لە ڕێگای لیژنەیەكی وەزارەتی شەھیدان، كە حاڵی حازر لە بەغدان بۆ ئەو مەبەستە، سەرجەم بەراییەكانیان گەیاندووە و وەڵامی سەرەتایی دامەزراوەكانی بەغداش ئیجابی بووە.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم "داوایەكی بە پەلە” لە نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، "كاربكەن بۆ دانانی تەرخانكراو بۆ مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانیە سیاسییە قارەمانەكان لە قانونی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ پشت بەست بە بڕیاری تەشریعی ئەنجومەنی نوێنەران و ماددەی ١٣٢ی دەستوور و ئەو نووسراوانەی سەرەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بغداد و منیش لێرەوە لە خزمەتم بۆ ھەر پرسیار و ڕاوێژێكی قانونی لە پێناوی خزمەتكردنی كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی قارەمان”.



PM:05:05:06/11/2018