چین...کۆمپانیایەک کارمەندەکانی ناچار بە سیسرک خواردن و میز خواردنەوە دەکات

بەڕێوەبەرانی کۆمپانیایەکی چینی کارمەندانی کۆمپانیاکەیان ناچار بە خواردنەوەی میز و خواردنی سیسرک کرد دوای ئەوەی نەیانتوانی بە شێوەی پێویست کاڵاکانیان بفرۆشن.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، بڵاوبوونەوەی چەند گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە تیایاندا دەردەکەوێت، ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیایەکی نۆژنکردنەوە لە پارێزگای گوئیژۆی چین بە قایش لییاندەدرێت و شلەیەکی زەرد دەخۆنەوە، کاردانەوەی پۆلیسی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە.

روونیشیکردووەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە دوای ئەوەی فرۆشی ئەو کارمەندانە نەگەیشتووەتە ئاستێک کە بۆیان دیاریکراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکەوە بەو شێوەیە سزا دراون.

ئاشکرایکردووە، پێدەچێت ئەو پەیامێکی هەڕەشەئامێز بێت لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکەوە بۆ کارگوزارەکانیان کە ئەگەر خزمەتەکانیان لە ئاستێکی باشدا نەبێت، بە خواردنەوەی میز و خواردنی سیسرک سزا دەدرێن.

بی بی سی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوترێت کە ماوەی دوو مانگە کۆمپانیاکە موچەی کارمەندەکانی نەداوە و کارمەندەکانیش دەترسن سەبارەت بە رەفتار و هەڵسوکەوتی بەرێوەبەرانی کۆمپانیاکەیان قسە بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پۆلیسی شاری زونیای لە باکوری پارێزگای گوئیژۆ سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکەی دەستگیر کردووە و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

پێشتر و لە چەند رووداوی لەو شێوەیە چەند کۆمپانیایەکی چینی کارمەندەکانیان ناچار کردووە لە مەراسیمی کۆمپانیاکەیاندا و لەبەرچاوی هەموواندا زللە لە یەکتر بدەن، یاخود لەسەر سنگ بەسەر زەویدا برۆن و تەنەکەی خۆڵ ماچ بکەن.



PM:02:50:08/11/2018