لە فڕۆکەخانەى هەولێر ١٩ کەس بە ڤیزا و پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیردەکێن

ئێوارەی رۆژی چوارشه‌ممه،  فڕۆکەخانەی هەولێر 19 كه‌سی له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ ده‌ستگیرکردووە، كه‌ پاسپۆرت و ڤیزای ساخته‌یان پێبووه‌ ویستوویانه‌ بەرەو وڵاتانى ئه‌وروپا گەشتبکەن. 

ڕزگار ئەفەندی بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەو هاوڵاتیانەی دەستگیرکراون ٩ کەسیان کورد بوون و ڤیزای ساختەى ئەڵمانیایان لە پاسپۆرتەکانیان داوە، هەروەها شەش هاوڵاتی بەڕەگەز غینی-شیان دەستگیرکردووە، کە ڤیزای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیان ساختە کردووە و ویستوویانە بێنە ناو هەرێمەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر شەوی ڕابردوو دوو هاوڵاتی عێراقی-شیان بە ئیقامەى ساختەى ئیتاڵییەوە دەستگیرکردووەو دوو هاوڵاتیشیان بە  پاسپۆرتی ساختەى فەڕەنسییەوە دەستگیرکردوە کە سووری بوون و ویستوویانە بێنە هەرێم و لێرەوە بەرەو فەڕەنسا بڕۆن.

بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر باسی لەوەشکردووە، یه‌كێك له‌وانه‌ی ده‌ستگیر كراوه‌، قاچاخچی بووه‌ و به‌ پاره‌ هاوڵاتى بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سەرجەمیشیان لەلایەن پشکنین و وردبینییەکانى فڕۆکەخانەى هەولێرەوە ئاشکراکراون.
 


PM:09:45:08/11/2018