دوو پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی بڕیاری خۆیان دا

دوو ئه‌ندامه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی‌و دادپه‌روه‌ری له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕەتیدەکەنەوە تێکەڵی هیچ فراکسیۆنێکیتر ببن و ڕاشیده‌گه‌یه‌نن، "پەیوەندی ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرهەم سالح بەردەوامە".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی‌و دادپه‌روه‌ری كه‌ لە ئێستادا ناوی حزبه‌كه‌ بۆ هاوپه‌یمانی نیشتمانی گۆڕاوە، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ حزبه‌كه‌یان ڕایانگه‌یاند، "ئێمە تا ئەو ساتەی هاوپەیمانی بمێنێت وەک فراکسیۆنی هاوپەیمانین و تێکەڵی هیچ فراکسیۆنێکیتر نەبوین، هاوهەڵوێستیشین لەگەڵ هەر هێزێك کە بەراستەقینە کار بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات".

ده‌شڵێن "پەیوەندی ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز (دکتۆر بەرهەم سالح) بەردەوامەو بۆ هەمو پرسەکان لەگەڵ بەڕێزیان گفتوگۆ دەکەین و بەردەوامیش دەبین، پشتگیری تەواوی بەرێزیانین بۆ ئەو بەرنامەو پلانانەی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی عیراق و کوردستان هەیەتی".

ده‌قی نامه‌كه‌:

بەڕێزان هاودیدانی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
ئەندامانی دامەزرێنەر
ئەنجومەنەکانی بەرێوەبردن و گشتی
سڵاوێکی گەرم

ئاشکرایە لای هەموتان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەر لەسەرەتاوە پێکەوە کارمان کرد بۆ سەرخستنی قەوارەی هاوپەیمانی. ئەوکاتیش کە ئەرکی سەرۆک  لیستیمان پێدرا، بێ وچان، ماڵەو ماڵ و بازاڕو کوچەو کۆڵانەکان گەڕاین و پەیامی هاوپەیمانیمان دا بە گوێی خەڵکدا. خۆ ئەگەر هەڵبژاردنەکان پاك و بێگەرد بونایە ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی هاوپەیمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەبون.

سەبارەت بە داهاتوی هاوپەیمانیش ئێمە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە بەردەم بەڕێزتان:
1. هاوپەیمانی پێش ئەوەی قەوارەیەکی سیاسی بێت، پەیامێکی رونی خزمەتکردنی خەڵکە. هەربۆیە پەیامی هاوپەیمانی و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکمان داوە وەك خۆی کاری بۆ دەکەین و سورین لەسەری.
2. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەر بڕیارێك سەبارەت بە ئایندەی هاوپەیمانی دەدرێ، بڕیاری هەموان بێت. جا ئەو بڕیارە بە هەڵوەشاندنەوە بێ یان بەردەوامی.
ئێمە پێمان وایە بەردەوامبونی هاوپەیمانی بە جۆرو پێکهاتەی ئێستای ئاسان نیە و باش نیە.
3. ئێمە تا ئەو ساتەی هاوپەیمانی بمێنێت وەک فراکسیۆنی هاوپەیمانین و تێکەڵی هیچ فراکسیۆنێکیتر نەبوین. هاوهەڵوێستیشین لەگەڵ هەر هێزێك کە بەراستەقینە کار بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات.
4. پەیوەندی ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز (دکتۆر بەرهەم صالح) بەردەوامەو بۆ هەمو پرسەکان لەگەڵ بەڕێزیان گفتوگۆ دەکەین و بەردەوامیش دەبین.پشتگیری تەواوی بەرێزیانین بۆ ئەو بەرنامەو پلانانەی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی عیراق و کوردستان هەیەتی.
بەهیوای سەرکەوتن بۆ هەڵگرانی پەیامی خزمەتی خەڵک.

د.عبدالباری مجید المدرس
د.رێبوار کریم محمود
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق



PM:03:12:09/11/2018