پزیشکانی ددان داوایەک ئاراستەی حکومەتی ھەرێم دەکەن

سەندیکای پزیشکانی ددان پەیامێک ئاراستەی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن و داوا دەکەن رێگە بگیرێت لەکردنەوەی بەشی پزیشکی ددان لەزانکۆ ئەھلیەکان.

لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، د.سەنگەر سەرچڵ سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان رایگەیاند، دەبێت کابینەی  نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاری جدی بکات بۆ دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی ددان، چونکە لەئێستا ھەم داھاتی حکومەتی ھەرێم زیادیکردوە، ھەمیش پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەراورد بەڕابردوو باش بووە.

وتیشی "لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین کار بکەن بۆ دامەزراندنی خۆبەخشەکان".

لای خۆیەوە، پاڤەند سلێمان نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی لە بەشی پزیشکی ددان وتی "دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا رێگەبگرێت لەکردنەوەی بەشی پزیشکی ددان لەزانکۆ ئەھلییەکاندا، بۆ ئەوەی ئاستی کوالێتی ئەو بەشە دانەبەزێت".

راشیگەیاند، ھەست دەکرێت کە گرنگی زیاتر بە بەشی پزیشکی ددان لەزانکۆ ئەھلییەکان دەدرێت و ئەو بەشە لەزانکۆ حکومیەکان پشتگوێدەخرێت.

نوێنەری ئەو خوێندکارانە ناڕەزایی خۆشیان دەربڕی لەبارەی ژمارەی وەرگرتنی خوێندکاران لەو بەشەو ئاشکرایکرد، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٨ – ٢٠١٩، لە بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی تەنھا ٨٧ خوێندکار وەرگیراوە، بەڵام لە زانکۆیەکی ئەھلی زیاتر لە ١٠٠ کەس وەرگیراوە



PM:06:08:09/11/2018