حکومەتی هەرێم لەسەر موچەو بودجەی پێشمەرگە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر موچەو بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە دێتەدەنگ و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمیش رایدەگەیەنێت، "لەپڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩، یەک لەسەر پێنجی بودجەی حەشدی شەعبی بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە".

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، لە ئەکاونتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، "لەناو خشتەی نەفەقاتی سیادی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بە ناونیشانی (حسابکردنی بەشی پارێزگاکانی باکوور) بڕی دوو تریلیۆن و ٢٦ ملیارو ٧٤٥ ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ دەستەی حەشدی شەعبی کە دەکاتە نزیکەی ١٧٠ ملیار دیناری مانگانە".

ئەوەشی ئاشکراکردوە، بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەش رێژەی (١٢,١٢%)‏ لە بودجەی مووچەی مونەتسیبی ھێزی وشکانی وەزارەتی بەرگری عیراق دیاریکراوە کە دەکاتە ٣٧ ملیار دیناری مانگانە، کە یەک لەسەر پێنجی بودجەی حەشدی شەعبییە، بەبێ ھیچ تەرخانکراوێک بۆ تەجھیزو راھێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە.

بەوتەی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، تەرخانکردنی ٣٧ ملیار دیناری مانگانە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر نەفەقاتی فیعلی وەزارەتی بەرگرییە نەک تەرخانکراوی ناو خشتەی نەفەقاتی سیادی واتە ئەو بڕە زامن نییە.

ئاشکراشیکردوە، پێویستە ھەرێمی کوردستان رێژەی (١٢,١٢%)‏ی موچەی ھەر حەشدێکی شەعبی و تەنانەت سەربازێکی وەزارەتی بەرگری عیراقیش بدات لەگەڵ تەجھیزو راھێنان و پڕچەککردنیان، چونکە بەشە بودجەی ھەرێم دوای داشکاندنی نەفەقاتی سیادی و حاکیمە دەبێت.



PM:06:24:09/11/2018