بەختیار عەلی رۆمانێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

نوسەری گەورەی کورد بەختیار عەلی نویترین رۆمانی خۆی بەناوی "دەریاس و لاشەکان" بەمزوانە بڵاودەکاتەوە.

بەختیار عەلی، نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری کورد، سەبارەت بە ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" بە ڕەخنەی چاودێری وتووە" "ڕۆمانەکە چیرۆکی شارێکە کە بە گەرمی لە سەروەختی سەرهەڵدانی شۆڕشدا دەژی، شارێکە هیوا و ئەفسانە دەیبات بەڕێوە. چیرۆکێکە دەشێت لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکیشدا ڕوو بدات. پاڵەوانی چیرۆکەکە کارەکتەرێکی تا ئەندازەیەک پاسیڤە بە ناوی دەریاس کە لە ئەوروپا دکتۆرای لەسەر مێژووی وەهم وەرگرتووە و دوای خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی و دەبینێت کە شارەکەی خۆی نوقمی وەهم و خورافەتی سیاسیی گەورەیە، وەک ڕۆشنبیرێک بەردەوام هەوڵ دەدات ئەو غوربەتەی لە نێوان خۆی و شارەکەدا درووست بووە بیشکێنێت، بەڵام هەمیشە بەر بەربەستی سیاسی و ئەخلاقیی گەورە دەکەوێت. دەریاس کە لە تێکستەکەدا کاراکتەرێکی زۆر قسەکەر و پڕدوو نییە، تەنیا لە ڕێگای تەماشاکردنییەوە بۆ شتەکان تێدەگەین چۆن لە دونیا دەڕوانێت. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە زۆر قسە ناکات، بەڵام بە شێوازی سەیرکردنیدا لە هەڵوێستی تێدەگەین."

بەختیار عەلی وتیشی: "ڕۆمانەکە تێکستێکی مامناوەندییە کە چیرۆکی کڕنوشبردنی کۆمەڵگاکانی ئێمە بۆ تارمایی و خورافەت و ئەوهام دەگێڕێتەوە. بە ڕیتمێکی هێمن، دونیایەکی پڕ لە لابەلابوونەوەی نائاسایی و تراژیدیمان پیشان دەدات."
دەریاس و لاشەکان" دەیەمین ڕۆمانی بەختیار عەلییە، جگە لە دەیان کتێبی فیکری و لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتن، لەگەڵ نووسینی سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی دیکە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا کە هێشتا کۆ نەکراونەتەوە و لە چوارچێوەی کتێبدا بڵاو نەکراونەتەوە.

بەختیار عەلی دوو ڕۆمانی؛ "دواهەمین هەناری دونیا" و "شاری مۆسیقارە سپییەکان"ی کراون بە ئەڵمانی و بەو هۆیەشەوە خەڵاتی "نیلی زاکس"، کە خەڵاتێکی بەناوبانگی ئەڵمانییە پێی بەخشرا و بڕیار وایە ساڵی داهاتووش ڕۆمانی "جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد" بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بکرێتەوە، ئەمە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا" بە زمانی ئیتاڵی و "غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ" بە زمانی ئینگلیزی، بڕیار وایە چەند تێکستێکیشی بە زمانی فەڕەنسی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.



PM:10:24:09/11/2018