سەرۆکی پەرلەمان: مووچەی پەرلەمانتاران بەشی کرێی خانوویەک ناکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی لە شاری کەربەلا رایگەیاند" پێویستە بڕێك پارە لەداهاتی گشتی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە تەرخان بكرێت كە لەپارێزگاكانەوە وەك پەرلەمانتار دەچنە بەغدا، چونکە موچەی پەرلەمانتاریی بەشی كرێ خانویەک ناكات”.

محەمەد حەلبوسی لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا لەشاری كەربەلا رایگەیاند "پەرلەمانتاران یەكی 32 پاسەوانی تایبەتیان هەبوو، بەڵام لەخولی رابردودا كەمكراوەتەوە بۆ نیوەی ئەو ژمارەیە، ئەم پاسەوانەنش هاوڵاتین‌و بەپێی گرێبەست كاردەكەن‌و داوا دەكەم ئەم پاسەوانانە بگوازرێنەوە بۆ سەر بەوەزارەتی ناوخۆن، بۆ ئەوەی مافەكانیان نەفەوتێ‌”.

سەبارەت بەو هەرایەی كە دەربارەی دابینكردنی كرێی خانو بۆ پەرلەمانتاران دروستبوە، حەلبوسی وتی "لەمەدا دامەزراوەی یاسادانان كراوەتە ئامانج، ئەو پەرلەمانتارەی لەبەسرەوە دێ‌ بۆ ئەوەی ئەركی یاسادانان جێبەجێ‌ بكات لەبەغدا لەكوێ‌ نیشتەجێ‌ بێت، موچەكەی بەشی گرتنی خانویەك بەكرێ‌ ناكات”.

ئەوە لە کاتێکدایە پەرلەمانتاری عێراق مانگانە بە مووچەی خۆی و پاسەوانەکانیەوە ٢٥ ملیۆن دینار وەردەگرێت.




PM:04:09:14/11/2018