سعودییە لەسەر کوشتنی خاشقچی داوای لەسێدارەدانی پێنج کەس دەکات

داواکاری گشتیی سعودیە لەسەر کەیسی کوشتنی رۆژنامەوانە سعودییەکە داوای لەسێدارەدانی پێنج کەس دەکات و دان بەوەشدا دەنێت کە تەرمەکەی لەنێو کونسوڵخانە پارچە پارچە کراوەو گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پءنجشەممە 15ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، تیایدا داواکاری گشتیی سعودیە لەبارەی کەیسی کوشتنی خاشقچی و دوایین پێشهاتەکان ئاماژە بەوەدەکات، "لەسەر ئەو کەیسە لێپێچینەوە لەگەڵ 21 کەس ئەنجامدرا".

هەروەها ئەوەشی پشتڕاستی کردەوە  کە"تەرمی خاشقچی لەنێو کونسوڵخانەی سعودیە پارچە پارچە کراوەو دواتر لەڕێی هاوکارێکەوە گوازراوەتەوە بۆ جێگەیەکی دیکە".

داواکاری گشتی سعودییە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاشکراشێکرد، " لەو 21 کەسە 11 کەسیان تۆمەتبارن لە کەیسی کوشتنی خاشقچیدا و پێنج کەسیشیان راستەوخۆ بەشداریان لە کوشتنەکەدا کردووە".

داواکاری گشتی سعودییە لە 17 خاڵدا ئەنجامیی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی رۆژنامەڤان جەمال خاشقچی بڵاوکردەوە کە بریتین لە :

1. رووداوەکە لە 29-9-2018 دەستیپێکردووە، کاتێک داواکراوە تاوانلێکراو (جەمال خاشقچی) رازی بکرێت بگەڕێتەوە، ئەگەر رازی نەبێت، جێگری پێشووی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی فەرمانی بە سەرۆکی ئەو ئەرکە داوە بەهێز بیگەڕێننەوە.

2. سەرۆکی ئەو ئەرکە تیمێکی 15 کەسی پێکهێناوە بۆ گەڕانەوەی ناوبراو کە سێ گروپ بوونە (دانوستاندنکار، هەواڵگری، لۆجیستی). سەرۆکی تیمەکە پێشنیازی بۆ جێگری پێشووی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی کردووە هاوکارێکی خۆی - پێشتر پێکەوە کاریان لەگەڵ راوێژکاری پێشوو کردووە- سەرۆکایەتی گرووپی دانووستانکار رابسپێردرێت، چونکە زانیاری لەسەر ئەو هاووڵاتییە تاوانلێکراوە هەیە. 

3. جێگری پێشووی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی، پەیوەندی بە راوێژکاری پێشوو کردووە بۆ کێ راسپێردرێت بۆ سەرۆکایەتی گروپی دانوستاندنکار. راوێژکار رەزامەندی دەربڕیوە و داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەرکەکە کردووە.

4. راوێژکار ئاماژەی بەوە کردووە چاوی بە سەرۆکی ئەرکە و تیمی دانوستاندنکار کەوتووە، بۆ ئاگاداربوون لەسەر هەندێک زانیاری لەسەر خاشقچی.

5. سەرۆکی ئەرکە لە پەیوەندیدابووە لەگەڵ پسپۆڕانی بەڵگەی تاوان بە ئامانجی سڕینەوەی شوێنەوارە کەڵەکەبووەکان لەکاتێکدا ئەگەر داواکراو بە هێز بگەڕێنرێتەوە، ئەم کارە بە تاكڕەوانە کراوە، بەبێ زانیاری مەرجەعی پسپۆڕی بەڵگەی تاوان.

6. سەرۆکی ئەرکەکە لە پەیوەندیدابووە لەگەڵ هاوکار و یارمەتیدەرێک لە تورکیا، بەمەبەستی ئامادەکردنی شوێنێکی ئارام و پارێزراو ئەگەر داوالێکراو بەهێز بگەڕێنرێتەوە.

7. سەرۆکی گروپی دانوستاندکار  ئاگادارکراوەتەوە خاشقچی بۆ شوێنێکی پارێزراو و ئەمین بگوازێتەوە، لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنەکان، ئەوا بکوژرێت، بۆیە رووداوەکە بە کوشتن کۆتاییهاتووە.

8. شێوازی کوشتنەکەی بە دەقاڵێ و شەڕ و دواتر لێدانی دەرزییەکی هۆشبەری بووە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.

9. گەیشتووینەتە ئەوەی پێنج کەس ئەویان کشتووە دانیانپێداناوە.

10. دوای کوژرانی، راستەوخۆ تەرمەکەی پارچە پارچەکراوە و بۆ دەرەوەی باڵەخانەی کونسوڵخانە گواستراوەتەوە.

11. ئەوانەی تەرمەکەیان لە باڵەخانە دەرهێناوە پێنج کەس بوون.

12. تەرمەکە رادەستی کەسێکی هاوکار و یارمەتیدەر کراوە کە یەک کەس بووە.

13.  گەیشتوونەتە وێنەیەکی هاوشێوەی کەسە هاوکار و یارمەتیدەرەکە، کە تەرمەکەی رادەستکراوە لەسەر بنەمای وەسفکردنی ئەو کەسانەی، کە تەرمەکەیان رادەستکردووە.

14. جلوبەرگی تاوانلێکراو فڕێدراوەتە نێو یەکێک لە زبڵدانەکان لەوانە کاژێر و چاویلەکەکەی.

15. کامێرا ئەمنییەکانی باڵەخانەی کۆنسوڵخانە پەکخراون، یەک کەس ئەو کارەی ئەنجامداوە.

16.  ئەوانەی هاوکاری لۆجستیان پێشکەشکردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە چوار کەس بوون.

17. گەیشتووینەتە ئەوەی سەرۆکی ئەرکەکە، بە رێککەوتن و بە بڕیار لەگەڵ گرووپی دانوستاندنکار و سەرۆکەکەیان کوشتیانە و راپۆرێکی ناڕاستیان پێشکەش بە جێگری پێشووی سەرۆکی هەوڵگری گشتی کردووە، کە باسی ئەوەیان کردووە، تاوانلێکرا بارەگای کۆنسوڵخانەی بەجێشهشتووە دوای ئەوەی پرۆسەی دانوستاندن، یاخود گەڕانەوەی بەهێز شکستیهێناوە.

جەمال خاشقچی ساڵی 1958 لە شاری مەدینەی سعودیە لە دایكبووە و سەرنووسەری رۆژنامەی عەرەب نیوز و وەتەنی سعودیە بووە، لە ساڵی 2004 راوێژكاری راگەیاندنی تركی فەیسەڵ، باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە لە بەریتانیا و دواتر لە واشنتۆن، رۆژی 2-10-2018 بۆ کاری تایبەت بە هاوسەرگیرییەکەی سەردانی کۆنسوڵخانەی سعودیەی لە ئیستەنبووڵ کرد، دواتر دەرکەوت لەناو کۆنسوڵخانەکەدا کوژراوە.



PM:02:20:15/11/2018