مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی سوریاوه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

لە پەیامەکەیدا مەسعود بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "بە ئازادبوونی عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا لە زیندانەكانی پەیەدە زۆر خۆشحاڵ بووم". 

 دەشلێت، ئومێد دەكەم لەمەودوا ڕۆژئاوای كوردستان كرانەوەی سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 4ی‌ ئازاری‌ 2017 عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ سوریا "په‌ده‌كه‌سه‌" له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ شاری‌ عه‌فرین له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌ستگیر كراو دوای‌ زیاتر له‌ ساڵێك زیندانی‌، رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ش 14ی تشرینی دووه‌می 2018 ئازادكرا.

دەقی پەیامەکەی بارزانی:


پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە ئازادبوونی عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا لە زیندانەكانی پەیەدە زۆر خۆشحاڵ بووم. لە ڕاستیدا جێگەی خەباتكاری وەك ئەو دەبوایە زیندانەكانی دوژمن با نەك زیندانی لایەنێكی كوردی. هیوادارم ئەوە ببێتە دەستپێكێك بۆ ئازادكردنی سەرجەم گیراوانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە زیندانەكانی پەیەدە دان و هەروەها دۆزینەوەی هەموو ئەو چالاكوانە كوردانەی كە لەوێ بێسەروشوێن بوونە.

ئومێد دەكەم لەمەودوا ڕۆژئاوای كوردستان كرانەوەی سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت و چیتر خەڵك و لایەنە سیاسییەكان بەهۆی بیروڕای سیاسی ئازار نەدرێن و زیندانی نەكرێن.

مسعود بارزانی

15ـی 11ـی 2018


PM:05:22:15/11/2018