کۆمەڵ لەبارەی کۆبونەوەی لەگەڵ پارتی هاتە دەنگ

ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند،  دەبێت بزانن لەسەر چ بنەمایەک حکومەت پێکدەهێنێت و ئەگەر پارتیش بیەوێت کۆمەڵ بەشداری لە حکومەتدا بکات دەبێت سەردانیان بکات.

سەلیم کۆیی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  کۆمەڵ دەیەوێت خوێندنەوەیەک بکات بۆ ئەو واقیعەی ئێستاو ئەو گۆڕانکارییانەی کە هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی داهاتوو.

وتیشی،دەبێت بزانن لەسەر چ بنەمایەک حکومەت پێکدەهێنێت و بەرنامەی پارتی چییە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

سەلیم کۆیی ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بۆ بەشداری کردن لە حکومەت، بەڵکو دەبێت بزانین شێوازی پێکهێنانی حکومەت چۆنەو کێ بەشدار دەبێت، ئەوان دەکرێت بەشداربن یاخود بەشدارنەبن، ئەگەر کۆمەڵ بڕیاری بەشداریکردنی لە حکومەت دا ئەو کات راپرسی دەکەن لەنێوان ئەندامەکانیان.

ئەمڕۆ، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان  بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم سەردانی هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری سلێمانی و بریارە لەگەڵ لایەکانی دیکەش کۆببنەوە.


PM:07:07:17/11/2018