یەکێتی چاوی لەسەر چ پۆستێکە لە کابینەی نوێی هەرێمدا..؟

پارتی لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدایە، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنی شەممە لە سلێمانی بە جیا سەردانی یەکێتی و گۆڕانی کرد، یەکێتی لەم کابینەیەدا چاوی لەسەر چەند پۆستێکەو جەختی لەسەر دەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان جگە لەوەی چاوی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانەو جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم تەنها یەک جێگری هەبێت، هاوکات چاوی لەسەر دوو وەزارەتی سیادیشە.

ئەو وەزارەتە سیادیانەی کە یەکێتی چاوی لەسەریەتی وەک سپی زانیوویەتی، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە، ئەمە جگە لەوەی ئەو حیزبە چاوی لەسەر چەند وەزارەتێکی تریشە.

سپی زانیویەتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، یەکێتی چاوی لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتی ناوخۆیەو، ئەو وەزارەتە بە داواکاریە لە پێشەینەکانی خۆی دەزانێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێ لەگەڵ پارتی دا.

پەرلەمانی کوردستان رۆژی ٦ تشڕینی دووەم دانیشتنی یەکەمی خۆی ساز کردو پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، کۆبوونەوەکە بەکراوەیی ماوەتە تا لایەنە سیاسیە براوەکان رێکدەکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەرچی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵە ئامادەییان تێدایە بەشداری حکومەت بکەن، بەلآم نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعی کوردستان بڕیاریان داوە ببنە ئۆپۆزسیۆن.

ناوەندی نافەرمییەکانی نێو پارتی لە دزەپێکردنی زانیاریە نافەرمییەکانیاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرۆکی حکومەتی ئایندەی هەرێم دوو جێگری دەبێت، هەرچی سەرۆکی پەرلەمانیشە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بڕیار لێدراوی خوولی پێشوو، دوو جێگری دەبێت، دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە پارتی جێگرێکیان بدات بە تورکمانەکان. 

زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دوای را وەرگرتنی لایەنەکان،سەرکردایەتی پارتی کۆدەبێتەوە و لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێ بڕیار دەدات. کۆبوونەوەکانی رۆژی شەممەی پارتیش لە سلێمانی زیاتر بۆ زانینی رایە هەردوو لایەنی سەرەکی یەکێتی و گۆڕان بووە.


ئه‌م بابه‌ته ‌2706 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:00:18/11/2018