یەکێتی دوو ئەندامی سەرکردایەتی لەسەر بەشداریکردنیان لە کۆنگرەی نەتەوەی کورد سزادەدات

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوو ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەی لەسەر بەشداریکردنیان لە ١٨ە یەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە کۆتایی مانگی رابردوو لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو سزادەدات.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" کە لەسەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتون، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەردوو ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەی(ئارێز عەبدوڵا و بڵێسە جەبار فەرمان) سزادەدات، بەهۆی ئەوەی بەشدارییان کردووە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردساتان.

لەو کۆنگرەیەدا کە لە رۆژی ٢٦ و ٢٧و ٢٨ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لە ناوچەیەکی نزیک لە رۆتەردام لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو، هەریەک لە سالار مەحمود پەرلەمانتاری پێشوی یەکێتی و نوێنەری یەکێتی لە هۆڵەندا بە ناوی شەماڵ بەشداربوون.
 
هەر بەپێی زانیارییەکان ئەو نوێنەرانەی یەکێتی، لەسەر بڕیاری حزبەکەیان بەشداری کۆنگرەیەکەیان کردووەو تیایدا "ئارێز عەبدوڵلا" وتاری یەکێتی پێشکەش کرد.

لە دوای کۆنگرەکە تورکیا لەسەر بەشداریکردنی یەکێتی لەو کۆنگرەیە گلەیی لە پارتی و یەکێتی کردووەو،ئەم گلەییەش لەکۆبونەوەی رابردووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسکراوەو بڕیاردراوە، کە ئەو دوو ئەندامەی سەرکردایەتی محاسەبە بکرێن ، ئەمەش لەپیناو  رازیکردنی تورکیا.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردووداو لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاڵاتاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی چووە نێو لیستێکی عەرەبی سونەوەو لە کۆبونەوەیەکدا یەکێتی بە ئەندامێتی حزبەکەیان کە پێشتر سڕکرابوو لەسەری هەڵگیراو دەستی بەکارەکانی کردەوە.

لە  رۆژانی ٢٦-٢٨ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ و " لە پێناوی کۆکردنەوەی هێزو توانا نیشتمانیەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوایەتیەکان و چەندین لە کێشە هەنۆکیەکانی ئەمرۆی کوردستان " کۆنفرانسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK لە هۆلەندا بەرێوە چوو، کە تیایدا سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان تیایدا ئەندامن جگە لە پارتی نەبێت.

دەقی وتارەکەی یەکێتی لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان:

وتاری (ی.ن.ك) لە کۆنفرانسی (۱۸)ی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کە لە هۆلندا لەلایەن ئارێز عبداللە پێشکەش کرا .

بەرێزان ئەندامانی کۆنفرانسی (١٨) ی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

ئەم کاتەتان باش ..

سەرەتا : ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتن بۆ کارەکانی کۆنفرانسەکەتان و خەباتی کۆنگرە دەخوازم. ھیوادارم ئەم کۆنفرانسە ھەنگاوێکی تربێ بەئاراستەی گەیشتن بە ئامانجەکان.
لای ھەمووان ڕوونە کە یەکێتی لە پێناوی گەیشتن بەمافە نەتەوەیی و نیشتیمانیە ڕەواکانی گەلی کوردستان سەری ھەڵداوە و لە رۆژی دروستبوونیشیەوە تا ئەمڕۆ لە مەیدانە جۆر بەجۆرەکانی خەبات و قوربانیدان نەک کەمتەرخەمی نەکردووە بەڵکو رۆڵێکی دیار و مێژوویشی ھەبووە. لەسەرەتاوە یەکێتی بەخەباتی چەکداری دەستی پێکرد. چونکە دەرفەتی خەباتی سیاسی و مەدەنی نەبوو دەنا خۆمان بە باشترین رێگەمان دادەنا. ئێستاش خەباتی مەدەنی و چارەسەرکردنی کێشەکان بەرێگای دیاڵۆگ و ئاشتیانە بە گرنگ و پێویست دەزانین.

ھەڤاڵانی ھێژا
یەکێتی لە ھەموو پارچەکانی کوردستان قوربانی داوەو بەشێوازی جۆراوجۆر و لە روانگەی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤایەتیەوە ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ ھێناوە. دڵنیاتان دەکەینەوە کە لە داھاتووشدا کەمتەرخەمی ناکەین، بەڵام ھەندێ راستی ھەیە پێویستە لەم کۆنفرانسەدا بیخەینە ڕوو:
یەکەم: ناوەندێکی سیاسی و رۆشنبیری نەتەوەیی و نیشتمانی بە گرنگ دەزانین، بەمەرجێک:
١. چەترێکی گشتی بێ و مۆرک و ھەژموونی ئەم حزب و ئەو حزبی بەسەرەوە نەبێ.
٢. نوێنەری ھەموو ئەو نەتەوانەشی تێدابێ کە لە کوردستاندا دەژین . وەکو کلدو ئاشور، تورکمان، ئەرمەن، عارەب.
دووەم: پێویستە تایبەتمەندیی و ھەڵومەرجی بەشەکانی کوردستان و ئێران و سوریا و عێراق و تورکیاش لەبەر چاو بگیرێن و پێمان وایە دەبێ لە ھەر بەشێک بەپێی تایبەتمەندی خۆی کارو خەبات بۆ مافە ڕەواکان بکرێت. 
سێیەم: نابێ شێوازێکی تایبەتی لایەنێکی سیاسی، یان تایبەتمەندی بەشێک بسەپێندرێتە سەر لایەن و بەشەکانی تری کوردستان.
چوارەم : دەستوەردانی ھەر حزبێکی بەشێکی کوردستان لە کاروباری ناوەخۆی بەشەکانی تری کوردستان بە ناراست و نا ڕەوا دەزانین و پێویستە ئەو جۆرە سیاسەت کردنە کۆتایی پێ بھێندرێت.
پێنجەم: لەبەرچاو گرتنی گرنگی ھەرێمی کوردستان و ئەرکەکانی سەرشانی.چونکە ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ قەوارەیەکی سیاسی نیشتمانی دەستورییە و گرنگی و بایەخێکی گەورەی بۆ نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تریش ھەیە. ھەرێمی کوردستان دەسکەوتێکی مێژووییە بەقوربانیدان و خوێن وەدەست ھاتووە و پێویستە ھەموو لایەنەکان لە پاراستنی ئەو دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیە ھاوکاربن.

خوشک و برایانی خۆشەویست
لەبەرامبەر ئەو ماف و دەسکەوتانەی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئەرکی فیدراڵی و نێودەوڵەتیشی لەسەرە و چاویان لێ ناپۆشرێ. بۆیە ئێمە لە کاتێکدا کە ھەموو دەست تێوەردانێکی وڵاتانی دەوربەرو ھەڕەشە و داگیرکاریەکانیان ریسوا دەکەین و داوایان لێ دەکەین کە رێز لە سەروەری خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق بگرن، لەھەمان کاتیشدا داوا لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین کە ئەوانیش رێز لە سەروەری خاکی ھەرێمی کوردستان بگرن و کێشەی لابەلا دروست نەکەن. 
شەشەم: لەسەرمانە رێگری لە دروستبوونی ھاوپەیمانی دوژمنکارانە بگرین و دەبێ ھەمیشە مەترسیی پیلانگێریە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەبەر چاو بگرین و لەو پێناوەشدا لانی کەم بیانو بەدەستەوە نەدەین.
حەوتەم: ئێمە کاتێک بۆ ئامانجێکی گەورە و پیرۆز کۆدەبینەوە دەزانین کە ئەمڕۆ لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کێشەی زۆر و قوڵ ھەن بە نموونە لە رۆژئاواو لە باشور. ئێمە ئەگەر نەتوانین لە ناوخۆی بەشێک کێشەکان چارەسەر بکەین چۆن دەتوانین لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورە رێک بکەوین ؟ 
لێرەدا داوا لە ھەموو لایەنە سیاسیەکان دەکەین بۆشایی نێوانیان کەم بکەنەوە و لانی کەم لە ھەر بەشێک لەسەر ستراتیجیەتێکی ڕوون رێک بکەون تا بتوانین باشتر کار بۆ ستراتیجیەتە مەزنەکە بکەین. 
خوشک و برایانی خۆشەویست 
سەرەڕای رۆڵی یەکێتی لە خەباتی سیاسی و دیموکراسی نەتەوەی بەداخەوە ھەندێ لایەن نەک ئەو رۆڵە لەبەرچاو ناگرن بەڵکو کێشە و گرفتی گەورەشی بۆ دروست دەکەن و لە کۆتایشدا ئەو کێشەو گرفتانە دەبنە ئاستەنگی بەردەم کارو خەباتی سیاسی (ی.ن.ک) لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان.



PM:11:17:18/11/2018