پێدانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران

بەپێی فەرمانێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک سەبارەت بە بەنزینخانە و کردنەوەی بەنزینخانە دەرکراوە و پێدانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران.

بە نووسراوێک لە ٤ی ١١ی ٢٠١٨  دەرچووە و وێنەیەکی دەست "سپی میدیا" کەوتووە حکوومەت بڕیاری داوە، لەمەودوا بڕیاری کردنەوەی بەنزینخانە بداتە دەستی ئەنجومەنی وەزیران، تێیدا ھاتووە "بڕیاردانی کۆتایی لەسەر پێدانی مۆڵەتی بەنزینخانە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، بە ھەر جۆر و قەبارەیەک بێت، لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیراندا دەبێت".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی نوێنەری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئەندامێتیی ھەر یەک لە (وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، ناوخۆ، شارەوانی، دەستەی ژینگە) مەرج و میکانیزمی یەکگرتوو و تایبەت بەم بابەتە بۆ سوود و بەرژەوەندیی گشتی، ئامادە دەکەن.

بەپێی فەرمانەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو لیژنەیە پێشنیار و راسپاردەکان بۆ ھەموو ئەو زێدەڕۆییانەی کراون دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنیش بڕیاری گونجاویان بۆ دەردەکات.

جەختیش کراوەتەوە، بۆ رێگەگرتن لە زیادەڕۆییەکانی تایبەت بە مۆڵەتدان و کردنەوەی بەنزینخانە لە شار و شارۆچکەکان و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ئەم کەرتە و بۆ دەرفەتدانی یەکسان بەو بازرگان و پیشەوەرانەی لەم بوارەدا کار دەکەن و کۆتاییھێنانی قۆرخکاری، ئەو بڕیارانە دەرکراون.



AM:09:29:20/11/2018