سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، رایگەیاند ئاماده نییه ئه‌و بڕیارانه‌ى ئه‌مریكا به‌سه‌ر عێراق ده‌یسه‌پێنێت، جێبه‌جێی بكات.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك لە كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و میدیایی و هونه‌رمه‌ند و وه‌رزشوان، ڕایگه‌یاند "ئێمه ئێستا عێراقمان له سووچێكى ڕاستدا داناوه، بۆیه به‌شێك نابین له سیاسه‌تى سزاكانى سه‌ر ئێران".
وتیشی، "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر وڵاتێكدا یان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌وه تایبه‌ته به خۆیه‌وه، ئێمه له جه‌نگدا ناچینه پاڵ هیچ وڵاتێك، لایه‌نێكیش نین له به‌ئامانجكردنى هه‌ر لایه‌ك كه له‌سه‌ر خاكى عێراقن به‌پێی ڕێكاره‌كانى ده‌ستوور".
عەبدولمەهدی باسی لەوەشکرد "بڕیاره‌كانى ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر ئێران، نێوده‌وڵه‌تییه و ئێمه به‌شێك نابین له سیستمى ئه‌مریكی، هه‌روه‌ك به‌شێكیش نابین له هێرشكردنه سه‌ر وڵاتان".
سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، باسى له‌وه‌ش كردم کە لایه‌نی ئه‌مریكی و لایه‌نه‌كانى دیكه‌شیان تێگه‌یاندووه، كه زیان به‌هیچ وڵاتێك ناگه‌یه‌نن، وتی،"به لایه‌نى ئه‌مریكیش ڕاده‌گه‌یه‌نم، تكایه فه‌رمانمان بۆ مه‌هێنن، هیچیشتان لێ قه‌بووڵ ناكه‌ین، ڕاسته عێراق لاوازه، به‌ڵام خۆى به‌ده‌سته‌وه نادات".