بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەی ٢١ی تشرینی دووەم لە هاوینەهەواری پیرمام مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو پلانی پارتی لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ ئەم خوولە تاوتوێ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند بڕیارە سبەی چوار شەممە ٢١ ی تشرینی دووەم لە پیرمام سەرۆکی پارتی مسعود بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی نوێی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و راوێژکاری ئاسایشی هەرێم کۆدەبێتەوە.

پرسی دەرکردنی دەستوری هەرێمی کوردستان و دواتر ئەنجامدانی راپرسی لەسەر ئەو دەستورە یەکێک دەبێت لەو پرسانەی باس دەکرێت، هەروەها پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پرسی یاسایی دژە تیرۆر دوو تەوەرەی تری کۆبوونەوەکە دەبن.( سەرچاوەکەی سپی رایگەیاند).

لە دوای هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلول و راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەمە یەکەم جارە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی کۆبێتەوە.

لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی ٤٥ کورسی و یەکێتی ٢١ کورسی و گۆڕان ١٢ کورسی و نەوەی نوێ ٨ کورسی و کۆمەڵ ٧ کورسی و یەکگرتوو ٥ کورسی و سەردەم ١ کورسی و حیزبی شیوعی ١ کورسیان بەدەستهێناوە.





PM:09:17:20/11/2018