"سپی" زانیاری لەسەر روداوی دزینی ئۆتۆمبێلی خاتونە پزیشکەکەی سلێمانی بڵاودەکاتەوە

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رەتیدەکاتەوە حاڵەتی دزیکردنی ئۆتۆمبێل بووبێتە دیاردە و وتی تەنها یەک حاڵەت تۆمارکراوە، کە توانراوە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگیرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی.

ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان باس لە بوونی چەند حاڵەتێکی هەوڵدان بۆ دزینی ئۆتۆمبێل لە هاووڵاتیان دەکرێت، لە ماوەی رابردوشدا لە سۆشیال میدیاکان بڵاوکرایەوە دزی لە دوو پزیشکی شاری سلیمانی کراوە، بە ناوەکانی "ئارام جەمال" پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵکە پارەو کەلوپەلەکانیان لێ دزیوە، هەروەها دزینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لێگزسی کە بە دکتۆرە "ژیان ئەحمەد" بووە پاش ئەوەی بە دەرمان پێهۆشکراوە، ئۆتۆمبێلەکەی لێ ڕفڕێندراوە.

لەو بارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "سپی" راگەیاند، " دیاردەی دزیکردن هەر هەبووەو پێشتریش پۆلیس چەندین تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، بەڵام ئەوەی کە دەڵین بوبێتە دیاردە هیچ بنەمایەکی نییە".

وتیشی، " دکتۆر ئارام جەمال خۆی پەیوەندی پێوەکردین و وتی  ئەو قسانەی لەبارەی منەوە دەکرێن هەمووی پڕو پاگەندەیە و هیچ بنەمایەکی راستی نییە، نە دزیم لێکراوەو نە تەهدید کراوم و نە سەیارەم دزراوە نە کەسیش هاتوەتە سەرم".

لەبارەی روداوی دزیکردنی ئۆتۆمبێلەوە سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها یەک حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێل هەبووە ئەویش ئۆتۆمبێکەکەی (د. ژیان ئەحمەد)بووە توانراوە لە رێگەی پۆلسیی دهۆکەوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگیرێت و لە ئێستاشدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ئەمڕۆش رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیکرد، "ژمارەی ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێکی دکتۆرەکەیان دزیوە سێ کەس بوون و تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زیاترە و لە رەگەزی نێرن، هەروەها هەرسێکیشیان کوردنو خەڵکی هەرێمی کوردستانن، دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری زیاتر لەبارەیانەوە ئاشكرا دەکرێت".

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" لە ماوەی رابردوودا حاڵەتێکی رێگریکردن لە هاوڵاتییەک کە ژمارەیان سێکەس بووەو پێدەچێت بۆ دزینی ئۆتۆمبێلەکەی بوبێت روویداوە، کە بەوتەی خاوەنەکەی دوای روداوەکە لە ئاسایشی سلێمانی سکاڵای لەسەر تۆمەتبارەکان تۆمارکردووە.


AM:11:36:22/11/2018