داعش هێرشێکی توند دەکاتە سەر هەسەدە
٤٧ شەڕڤان شەهید دەبن

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند "چەکدارانی داعش سوودیان لە کەشوهەوای خراپی ناوچەی دێرزوور وەرگرتووەو هێرشێکی گەورەیان کردۆتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی کە هێزە بنەڕەتیەکەی یەپەگەیەو لە ئەنجامدا ٤٧ شەڕڤان شەهید بوون".

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە سەرچاوەیەکی هەواڵی سەربەخۆی سوریایە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، شەوی ٢٤ تشرینی دووەم لە کاتژمێر ٤ بەرەبەیاندا نزیکەی ٥٠٠ چەکداری داعش کە زۆریان بە ماتۆڕ و بە زرێپشەوەبوون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات هێرشیان کردۆتە سەر چەندان بنکەی هێزەکانی سوریای دیومکراتی بە بنکەی سەرەکیشەوە لە کێڵگەی نەوتی " تەنەک ".

بنەکەی تەنەک کە هێزیکی ئەمەریکیشی تێدایە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە نەتوانراوە فڕۆکە هەڵبسێت، بەڵام لە ڕێگای تۆپەوە لەگەڵ ‌هێزەکانی سوریای دیوموکراتی بەرپەرچی چەکدارانی داعشیان داوەتەوەو شەڕێکی زۆر قورس روویداوەو چەکدارانی داعش لەچەند شوێنێک پێشڕەویان کردووە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە لەو ‌هێرشە بەرفراوانەی داعش ٤٧ شەڕڤان شەهید بوون، بەرامبەر ٣٩ کوژراوی داعش.
روانگەی سوری ژمارەی کوژراوەکانی هەردوولا لە سالی ٢٠١٨ دا ئاشکرا دەکات کە چەکدارانی داعش ٧١٧ یان لێکوژراوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە هەموو شەڕەکانی ئەمساڵدا ٤٠٥ شەڕڤانیان شەهیدبوون.

لە شەڕی ٢٤ ی تشترینی دووەمدا ١٧ هاوڵاتی کە ٥ منداڵ و ٣ یان ژنن شەهیدبوون، لە کۆی ساڵەکەش ٢٥١ شەهید کە ٨٧ مناڵ و ٦٠ ژنن. 



AM:11:38:25/11/2018