یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنی چوونەوە دەرەوەی بەریتانیای لە یەکێتییەکە پەسەندکرد

سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنی چوونەوە دەرەوەی بەریتانیایان لە یەکێتییەکە پەسەندکرد و تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش ڕێککەوتنەکەی بە باشترین ڕێککەوتن ناوبردووە.

ئەمرۆ یەکشەممە٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دانیشتنی خۆیان سەبارەت بە پرسی هەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونی دانوستاکانی پرسی برێکسیت کە تایبەتە بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدا.

لە دانیشتنەکەدا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، رێککەوتنی جیابوونەوە کە ٥٨٥ لاپەڕە بوو و دۆکیۆمێنتی راگەیەندراوی سیاسیی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتییەکە و بەریتانیا دیاریدەکرد واژۆکرد و رێککەوتنی چوونە دەرەوەی بەریتانیایان لە یەکێتییەکە پەسەندکرد.

لە دانیشتنەکەدا میشێل بارنیەر کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا  ئاماژەی بەوە کرد، پرسی برێکسیت کە لە  نێوان یەکێتییەکە و بەریتانیا کە ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی جیابوونەوەیەکی رێکوپێک و رێککەوتن لە نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا و ئەمرۆ لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا پەسەندکراوە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، قۆناغی کۆتای ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە مانگی ئازاری ساڵی داهاتووە و بەڵام لە ئێستادا ڕێکەوتنەکە قۆناغی باشی بڕیووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا پێویستە هەمووان ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەوێتە سەرشانمان جێبەجێی بکەین، ئەم رێککەوتنە هەنگاوی یەکەمی پێویستە لە پێناو دروستکردنی متمانە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا.

لای خۆشیەوە جان کلۆد یونکەر سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند،‌ هه‌ڵوێستی سه‌ره‌كی یه‌كێتیی ئه‌وروپا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت لەسەر پرسی برێکسیت.

هەرلەوبارەیەوە، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ئه‌نتۆنیۆ تاجانی رایگه‌یاند"ئه‌وه‌ رێككه‌وتنێكی باشه‌ بۆ هه‌ردوولا و ئێستا به‌ره‌و داهاتوو ده‌چین، به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا جیاده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌مێنێتنه‌وە".

ئاماژه‌ی به‌وەش‌ كرد، كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ مانگی كانوونی دووه‌م یان شوباتی ٢٠١٩دا ده‌نگ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌دات و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاش پشتیوانی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

هەرچی تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش ڕێککەوتنەکەی بە باشترین ڕێککەوتن ناوبردووە و دەلێت، بەوردی خوێندنەوەیان بۆکردووە و بەرژەوەندی باڵای بەریتانیای تیایدا ڕەچاو کراوە و کۆنترۆڵی پارەی وڵات و یاسا و سنورەکان دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی لەندەن و پارێزگاریش لە دەستی کار و ئاسایش دەکات.

تێرزا مەی ئەوەشی ڕاگەیاند، تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ هەتا ڕێککەوتنە سەرکەوتوو دەبێت و داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی رێککەوتننامەکە بکەن.

دوای پەسەندکردنی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر چوونە دەرەوەی بەریتانیا، ئەوا لە کانونی یەکەمی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی بەریتانیاش دەنگ لەسەر جیابوونەوەکە دەدرێت.



PM:04:53:25/11/2018