گوندێکی تایبەت بە ژنان لە کوردستان کرایەوە

رۆژی یەکشەممە ٢٥ى تشرینى دووەم،  لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ژنان گوندێکی تایبەت بە ئافرەتان  بە ناوی"ژنوار"، بە هاوکاری شەڕڤانانی یەکینەکانی  پاراستنى ژنان لەناوچەى درباسییەى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا کرایەوە.

ڕومەت هەڤاڵ کە سەرپەرشتیارى گوندەکەیە ڕایگەیاند، ئەو گوندە لەسەر ئاستى سوریا دەگمەنە تایبەتیش نییە تەنها بە ژنانى کورد بەڵکو هەر ئافرەتێک بیەوێت دەتوانێت لەو گوندە ژیان بەسەر بەرێت. 

وتیشی، گوندەکە ئافرەتانى چەند شارۆچکەیەک لە پارێزگاى حەسەکە لە خۆدەگرێت وەک: شەدادى، تەل تەمر، کوبانێ، درباسیە و زۆربەیان ئەو ئافرەتانەن کە بێوەژنن یان لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یان هاوسەرەکانیان لەدەستداوە و لە ٣٠ خانوودا دەژین.

هەڤاڵ ئەوەشى خستەڕوو، ژنانى گوندەکە هاوکاری یەکتر بوون لەدروستکردنى گوندەکە وپێکەوە کارییان کردوە لە بوارەکانى  کشتوکاڵ و فێرکردن و بەخێوکردنى مەڕوماڵات و پێشانگاکانى کڕین و فرۆشتن.

سەبارەت بە پیاوان ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوەشکرد، پیاوان دەتوانن سەردانى کەسوکاریان لە گوندەکە بکەن بەڵام مانەوەیان تیایدا رێگەپێدراو نییە.

لە گوندەکەدا، بنکەیەکى تەندروستى هەیە کە ژنان تیایدا کار لەسەر دابینکردنى گژوگیاى پزیشکى دەکەن لە چارەسەرکردندا، هەروەک قوتابخانەیەکى بۆ منداڵان تێدایە، ئەمە جگە لە ٢٠٠ سەر مەڕ کە لە لایەن ژنانەوە بە خێودەکرێن.



AM:11:48:26/11/2018