فەرید ئەسەسەرد: حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک زەوی داگیرکردووە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر زەوی مەسیحیەکاندا گرتووە.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند ڕاپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەسەر خراپی بارودۆخی مەسیحییەكان و داگیركردنی زەوییەكانیان لەلایەن لێپرسراوی وەڵامدانەوەی راپۆرتەكانەوە لەحكومەتی هەرێم پشتڕاستبكراوەتەوەو دانبەوەشدا دەنێت كە حكومەتی هەرێم دەستی بەسەر زەویی مەسیحییەكاندا گرتووە، لەكاتێكدا ئەو راپۆرتانە ناوبانگی كورد‌و هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكەن.

وتیشی ماوەی چەند ساڵێكە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ ‌و هیوومان رایتس وۆچ راپۆرتی خراپ لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە، بەتایبەتی سەبارەت مامەڵەكردن لەگەڵ مەسیحییەكان، دەشڵێت: گومان لەوەدا نیە كە ئەو راپۆرتانە ناوبانگی كورد‌و هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكەن ‌و وێنەی كورد وەك چەوساوە‌و شەیدای ئازادی دەشێوێنن ‌و وێنەیەكی پێچەوانە پێشكەش دەكەن.

ناوبراو لە وتارێکیشیدا وتی ئەو رێكخراوانەی ئەمڕۆ باسی رەوشی خراپی مەسیحییەكان دەكەن لە هەرێمی كوردستان، هەر ئەوانەن كە لە ساڵانی رابردودا بەرگرییان لە كورد كردووە‌و مەینەتیی كوردیان بە جیهان ناساندووە، ئەم رێكخراوانە هیچ بەرژەوەندییان لەوەدا نیە كە درۆ بكەن ‌و راپۆرتەكانیان لەسەرانسەری جیهان بەڕێزەوە وەردەگیرێن.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت مەسەلەی كورد قەرزارباری ئەو رێكخراوانەیە كە لەكاتی شەڕی جینۆسایدی كورد‌و كیمیاباران كردنی كوردستاندا قسەی خۆیان كردووە‌و بەبڵاوكردنەوەی راپۆرتی دیكۆمێنتار سەرنجی جیهانیان بەلای نەهامەتیی كوردا راكێشاوە، ئەو رێكخراوانە هیچ ئەجیندایەكی سیاسییان نیە‌و ئامانجی سەرەكییان دروستكردنی فشارە لەسەر حكومەتە پێشێلكەرەكانی مافی مرۆڤ.

ئەسەسەرد ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە لەمەوبەر لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان لەهەوڵێكی جوامێرانەدا بۆ تۆكمەكردنی گیانی برایەتی ‌و تەبایی لەنێوان موسڵمان ‌و مەسیحییەكاندا فەتوای دەركرد كە بەزۆر داگیركردنی زەوی‌و زاری مەسیحییەكان حەرامە، بێگومان خودی فەتواكە رەنگدانەوەی واقیعە، فەتواكە بەڵگەی ئەوەیە كە زەوی‌و زاری مەسیحیەكان داگیر دەكرێ.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە مەسیحییە گرفتارەكان بۆ بەدەست هێنانەوەی مافەكانیان، هانایان بۆ دادگاكان بردووە‌و سكاڵایاتن تۆمار كردووە، لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دان بەوەدا دەنێ كە سكاڵا لە دادگاكان تۆمار كراوە، بەڵام حكومەتی هەرێم لە مەسەلەكە دەردێنێ ‌و دەڵێ سكاڵاكان لە دادگا گیریان خواردووە.

هەر لەوتارەكەیدا باسی لەوەكردوە: لە بەرپەرچدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا، لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە 127 كەنیسە ‌و 37 زیارەتگای ئاینی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام ئەمە هیچ ناگەیەنێ، بونی كەنیسە بەڵگەی ئەوە نیە كە دەست بەسەر زەوی‌و زاری مەسیحییەكاندا ناگیرێ.

ئەوەش دەڵێت: كردنی جەژنی مەسیحییەكان بەپشووی فەرمی رێ لەداگیركردنی زەوی‌وزاریان ناگرێ، ئاشكراشە كە داننانی رژێمی پێشوو بەجەژنی نەورۆزدا وەك جەژنی نەتەوەیی كورد، نەبۆتە مایەی رێگرتن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بۆ لەناوبردنی كورد.



PM:06:44:26/11/2018