ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عێراقی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوای دادگاییكردنی پارێزگاری كەركوك دەكات
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عێراقی بڵاویكردەوە تیایدا هاتووە "لە سەرپێچییەكی نادەستووری و نایاساییدا و لە چوارچێوەی پێشێلكردنی دەسەڵات و بڕیارەكانی ساڵی "1970"، راكان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك لە ڕێكەوتی 13/11/2018 فەرمانێكی كارگێڕی ژمارە 9822 بۆ هەڵكوتانە سەر بارەگاكەمان دەركردووە و قوفل و دەرگا و پەنجەرەی بارەگاكەیان شكاندووە و دەستیان بەسەر كەلوپەلەكاندا گرتووە".
هاوكات جەختیش كراوەتەوە "لەكاتی هێرشەكەدا بۆ سەر بارەگای ڕێكخراوەكەمان، بە پاساوی نایاسایی و بە هێزی چەك هەڕەشەیان لە پاسەوانانی بارەگاكە كردووە و به زۆر وەدەریان ناون و زۆربەی كەلوپەلەكانیشیان لەناو بردووە".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، "ئەو پێشێلكاری و سەرپێچییە نایاساییانەی لە شاری كەركووك دەكرێن و غیابی ئەنجومەنی پارێزگا لە چاودێریكردنی ئیداری، دەرفەتی بە راكان جبووری داوە سوود لە پلەی وەزیفی و پۆستە ئیداری و پەرلەمانییەكەی وەربگرێت، بۆ ئەوەی هەژموونی گەندەڵكاران فراوان بكات و یاری بە سەروەتی گەل بكات".
رێكخراوی مافی مرۆڤی عێراقی لە بەیاننامەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە، "لە كاتێكدا ئێمە لەو جۆرە رەفتار و پێشێلكاراییانە نیگەرانین كە پێچەوانەی یاسا و دەستوورن، ئێمە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو كردەوانە و پاراستنی بارەگاكەمان و كەلوپەل و بەڵگەكانمان دەخەینە ئەستۆی راكان سەعید جبووری، پارێزگاری كەركووك".
هەروەها ئەو ڕێكخراوە داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتی، ناوخۆیی، خۆجێییەكان و لایەنی پەیوەندیداری عێراقی كردووە، "دەستبەجێ ئەو پێشێلكارییە نایاساییانە بوەستێنرێن و جبووریش لە كارەكەی دوور بخرێتەوە و رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بكرێت، هاوكات داوای پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتەی كردووە و جەختی كردەوە "هەرگیز لە مافە یاسایی و ئیدارییەكانی خۆمان خۆش نابین".