پارتی تا ئێستا کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت یەکلایی نەکردۆتەوە

هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم پەیوەندی بە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە کە تا ئێستا کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت یەکلای نەکردۆتەوە، کاتی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتیش تا ئێستا دیار نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " بێدەنگی پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ. پەیوەندی بەناکۆکی نێو پارتی بە دیاریکراوی بە بنەماڵەی بارزانیەوە هەیە لە پێشیشیانەوە مەسعود بارزانی کە خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە کێ کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد هەرچەندە مەسعود بارزانی راینەگەیاندووە کە کێ کاندیدبکات و بیخاتە بەردەم مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی، بەلآم دڵی لەگەڵ مەسرور کوڕیدایە بۆ ئەو پۆستە، بەپێچەوانەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیەوە کە لەگەڵ کاندیدکردنەوەی نێچیرڤان بارزانیدان.

هەندێک ناوەندی پارتی و دەرەوەی پارتیش، مەسرور بارزانی بە سیاسیەکی وشک و ئەمنی ناوزەد دەکەن و پێیانوایە کە ناتوانێت ئیدارەیەکی باشی کابینەی نوێ بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. هەندێک ناوەندی پارتیش هەرچەندە نێچیرڤان بە کەسێکی خاوەن ئەزموون کراوە ناوزەد دەکەن، بەلآم ناوی دەلکێنن بەو هەموو کەموکوڕی و گەندەڵیانەی لە حکومەتدا هەن.

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە تا مەسعود بارزانی پرسی یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت یەکلایی نەکاتەوەو نەیخاتە بەردەم مەکتەبی سیاسی، ئەوا سەرکردایەتی ئەو حیزبە کۆبوونەوە سازناکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە فشارەکانی شەقام و میدیاکان و لایەنەکانی تر لەسەر پارتی لە زۆربووندایەو داوای پێکهێنانی بەپەلەی حکومەت دەکەن.

لەدوای هەڵبژاردنی ئایاری پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی کابیەنەکەی د. عادل عەبدولمەهدیەوە، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەگەر کورد لەسەر پرسە هەڵپسێردراوەکانیان لەگەڵ بەغدا یەکگرتووبن و حکومەتێکی کاراش لە هەرێم پێکبهێنرێت هەلی باش لە ئارادایە کە دۆخی هەرێم لەرووی داراییەوە بەرەو باشی بڕوات و، زۆر کێشەش لە سەردەمی عەبدولمەهدیدا لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت.  



PM:10:52:01/12/2018