بەریتانیا...سێ كورد بەتۆمەتی كوشتن دەستگیركران

پۆلیسی بەریتانیا لێكۆڵینەوەی لە رووداوی كوژرانی كچێك دەستپێكرد، بەو هۆیەشەوە سێ كورد دەستگیردەكرێن و پێنج تۆمەتی كوشتنیان دەدرێتەپاڵ و رووبەرووی دادگا دەكرێنەوە.

رۆژنامەی"میترۆ" بڵاویكردەوە، "لیا ریك" كچێكی تەمەن ١٨ ساڵ، لە ١٥ی شوباتی رابردوودا، نامەیەك بۆ دایكی كە ناوی" جوان"ە دەنێرێت و تەئكید دەكاتەوە گەیشتوەتە ماڵی "شاین راجوبێر"ی هاوڕێی، تەمەن ١٧ ساڵ.

دوای ناردنی نامەكە بە دوو خولەك، یەكسەر ئەو ماڵەی كە  لیا چووەتە ناوییەوە دەتەقێتەوە، لیا و شاینی هاورێی و دایكی شاهین و دووكەسی تر دەكوژرێن.

بە پێی ئەو لێكۆڵینەوانەی كە دەسەڵاتدارانی شاری لیستەر لە ناوەڕاستی بەریتانیا كردویانە، دایكی لیا لە كاتژمێر ٦:٥٩ خولەكی ئێوارە نامەیەكی پێگەیشتوە، ماڵەكە لەكاتژمێر ٧:٠١ خولەك تەقیوەتەوە.

دایكی لیا دەڵێت، كچەكەی پێیوتوە دەڕوات بۆ ماڵی شاین و ئەوەشی وتوە"لیا" بۆ هەر شوێنێك رۆیشت بێت نامەیەكی بۆ ئەو ناردوە.

لیا لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە لەگەڵ شاین پەیوەندی هەبووە، مامۆستای چاودێری تەندروستی وكۆمەڵایەتی بووە لە پەیمانگای لۆبۆرۆ، ژیانی سروشتی بووە تا ئەو كاتەی ئەو ڕووداوەی بەسەر دێت.

پۆلیس هەریەك لە ئارام كورد، ٣٤ ساڵ و ئەركان عەلی، ٣٧ ساڵ و هاوكار حەسەن ٣٣ ساڵی دەستگیركرد، بەم دواییانەش دادگا پێنج تۆمەتی كوشتن و  كوشتنی هەڵەی دایە پاڵیان، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتانەیان ڕەتكردەوە.

ئەركان عەلی كە یەكێك لە تۆمەتبارەكانە، هاوڕێی" ڤیكتۆریا ئیجیفلیفا"یە كە تۆمەتی پیلانگێڕی دژ بە ڤیكتۆریای دراوەتەپاڵ لەگەڵ سوتاندنی بە ئەنقەستی دوكانێك بۆ ئەوەی لە كۆمپانیای بیمەوە قەرەبوو بكرێتەوە.



PM:01:22:03/12/2018