"پێناچێت ئەمڕۆ دەنگ لەسەر کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بدرێت"

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقپێی وایە ھیچ کام لە پێکھاتەکانی شیعە، سوننە و کورد لەسەر ئەو ناوانەی پێشنیازکراون لە لایەن عادل عەبدولمەھدی-یەوە بۆ ئەو پۆستە وەزاریانەی کە ماون کۆک، نین بۆیە بەزەحمەتی دەزانێت ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر ئەو ھەشت وەزیرە بە ئاسانی تێپەڕێت.

میدیا عێراقییەکان بەڵگەنامەیەکیان بلاوکردووەتەوە کە ناوی ئەو کاندیدانەی، کە عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشنیازیکردوون وەک وەزیر لەو ھەشت وەزارەتەی لە کابینەکەیدا ماون، ئەوانیش بریتین لە ھەریەک لە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ پێشنیازکراوە، فەیسەڵ ئەلجەربا بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی، ھەنا عەمانوئێل گۆرگیس بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دادوەر دارا نورەددین بۆ پۆستی وەزیری داد.

هەروەها دکتۆر قوسەی عەبدولوەھاب سھێل بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دکتۆر سەبا خەیرەددین تائی بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە و دکتۆر نوری ناتق حەمید عەبتان دلێمی-ش بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان پێشنیازکراوە.

ھەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە  ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند "بەپێی بەرنامەی کار کە لە دوو بڕگە پێکدێت و یەکێکیان بریتییە لە دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکھاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی دەبێت ئەمڕۆ دەنگ بۆ ئەو کاندیدانە بدرێت کە دەبنە وەزیر لە ھەشت وەزارەتی بەتاڵ کە ھێشتا وەزیرەکانیان دەست نیشان نەکراون".

هەرێم کەمال ئاغا بەدووری زانی ئەمڕۆ بەئاسانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو کاندیدانە بدەن، ھۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "ھیچ رێککەوتن و تەوافوقێک لەنێو ھیچ یەک لە شیعە، سوننە و کورد بۆ ئەو کاندیدانە نییە.

روینیشی کردەوە، نە شیعە تەوافوق و رێککەوتنی ھەیە لەسەر ئەو کاندیدانەی بەر ئەوان دەکەوێت و نە سوننەکانیش لەسەر ئەو کاندیدانەی ئەوان رێککەوتنیان ھەیە، کوردیش لەنێو خۆیدا رێککەوتنی لەسەر ئەو کاندیدانەی بۆ وەزارەتەکانی پشکی کورد دیاریکراون نییە،بۆیە تێپەڕاندنی ئەو ناوانە قورس دەبێت، ئیدی یان نیسابی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نابێت، یان دەنگدان لەسەر ئەو کاندیدانە دەخرێتە کاتێکی دیکەوە، چونکە بەئاسانی دەنگیان پێ نادرێت".

سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی دادیش ئەوەشێ وتووە "ئەو وەزارەتە دەبێت پشکی یەکێتی بێت، چونکە ئەوە ئیستیحقاقی یەکێتییە کە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی وەزارەتێکی ھەبێت، بۆیە ئێمە وەکو خۆمان رازی نیین لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".

عادل عەبدولمەھدی لە ٢٤ی تشرینی دووەمی رابردوو، ١٤ وەزیری لە کابینەکەی بردە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەسەندکران لە پاڵ پەسەندکردنی بەرنامەی کابینەکەی، ھەر ئەو رۆژە خۆی و وەزیرەکانی سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام ھەشت وەزارەتی بێ وەزیر ھێشتەوە بە ھۆی نەبوونی رێککەوتن لەسەریان کە بەشێکیشیان وەزارەتی ھەستیارن وەکو بەرگریی و ناوخۆ و خۆی سەرپەرشتییان دەکات.




PM:03:13:04/12/2018