چۆنێتی دانانی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت ئاشکرا دەبێت

کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیەوە پێشنیار کراوەو هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر نەکراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، رۆژی ٣ی کانونی یەکەم لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی لە پیرمام، مەسعود بارزانی پێشنیاری کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی خستۆتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا بەبێ ئەوەی کەس ناڕەزایەتی دەربڕێت و بەبێ هیچ گفتوگۆیەک بڕیاری لەسەردراوە.
 
ئەو هەنگاوەی بارزانی بەو شێوەیە راڤەدەکرێت، کە کاندیدکردنی نێچێرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم تەنها بۆ بالانس راگرتنی سیاسی نێو بنەماڵەکە بووە، هاوکات مەسعود بارزانی ئەوەی لەبیرکردووە کە ئەو ماوەی چەند ساڵە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سەرۆکی هەرێم لە خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و شەڕی سیاسی گەورەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تردا کرد، بەلآم زوو دەستەبەرداربوونی ئەو داوایەش بەو مانایە لێکدەدرێتەوە کە بارزانی بۆخۆی کەسەرۆک بوو، دەیویست سەرۆکی هەرێم لەرێگای خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، بەلآم بۆ برازاکەی نێچیرڤان بارزانی زۆر بە ئاسانی ئەو پرسەی لە بیرکرد.

هەرچەندە بەپێی زانیاریەکانی سپی زۆربەی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ پێشنیاری کاندیدکردنی مەسرور بارزانی نەبوون بۆ ئەو پۆستە، لە چاوپێکەوتنێکی سەرەتای ئەم مانگەی تەلەفزیۆنی رووداودا فازل میرانی سکرتێری گشتی رای خۆی نەشاردەوە کە ئەو لەگەڵ کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانیدایە، بەلآم ماوەیەکی کەم دوای ئەو چاوپێکەوتنە ناوبراو چۆتە دەرەوەی ولآت و نەگەڕاوەتەوەو، رۆژی ٣ ی کانونی یەکەمیش هیچ گفتوگۆیەک و ناڕەزایەتییەک لەسەر کاندیدکردنی مەسرور بارزانی نەبووەو ئەندامانی ناڕزای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەڵوێستی بێدەنگیان هەڵبژارد.

دوای کۆبوونەوەی رۆژی ٣ ی کانونی یەکەمی سەرکردایەتی پارتی، مەحمود ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئاشکرای کرد کە مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندیدکراون، بەبێ چوونە نێو هیچ وەردەکاریەکەی ترەوە لەسەر چٶنێتی کاندیدکردنی ئەو کەسایەتییەی پارتی بۆ ئەو دوو پۆستە.  










PM:11:09:04/12/2018