ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند دەستیانکردووە بە ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی ناوخۆیی و وتیشی "لە کۆنفرانسەکەدا کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە ناگۆڕدرێت".
عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیی ڕاگەیاندووە "كۆنفرانسی نیشتمانی ئەركی پێداچوونەوەیە بە كاروباری چوار ساڵی رابردوو لە ئەدا و بەرنامەی سیاسی گۆڕان و كاری رێكخراوەیی و بەرنامە و پڕۆژە دانان بۆ چوار ساڵی ئایندە، ئەركێكی تری پێداچوونەوەیە بە دەستووری بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر بە پراكتیك كێشە و كەموكوڕییەك هەبووبێت لە دەستوورەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ هەمواركردنەوەی".
ناوبراو ڕونیکردووەتەوە "ئێستا ژووری هەڵبژاردن لەناو گۆڕان ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو كۆنفرانسە دەستپێكردووە و ماوەی دوو مانگیان دەوێت بۆ ئامادەكارییەكان".
لەبارەی گۆڕینی کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانیی ئەوەی خستوەتەڕوو "گۆڕینی كەسی یەكەم و خانەی راپەڕاندن و سەركردایەتی گۆڕان لەم كۆنفرانسەدا ناكرێت و ئەو گۆڕانكارییانە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكاندا دەكرێت كە هەر شارێك نوێنەری خۆی بۆ جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت".