یەکگرتوو دژی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمە

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دژی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕاگەیاندووە " ئێمە لەگەڵ ئەوەداین سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سڕکراوی بمێنێتەوە، چونکە لە (٢٠١٢ - ٢٠١٣ ) دامودەزگاکانی سەرۆکایەتی هەرێم، میزانیەی ساڵانەی زیاتر بوو لە ملیارێک دۆلار، بۆیە لەگەڵ کاراکردنەوەی نین"

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو کە بەخەندانی راگەیاندووە، دەڵێت "وەکو مەبدەئی یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەداین کە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەم بە سڕکراوی بمێنێتەوەو ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە".

ئاماژەی بەوەشکرد،"هەرێمی کوردستان لە واقعدا دوو ئیدارەو بەش دوو هێزو دوو ئابوورییە، بۆیە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە هەرێمێکی یەکگرتوو، پێمانباشە ئەو پۆستە بە سڕکراوی بمێنێتەوە".

لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا، پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سڕکراو، دەسەڵاتەکانی بەسەر حکومەت و پەرلەمانی کوردستاندا دابەشکرا.

یەکگرتوو بڕیاری داوە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی هەبێت بەرامبەر کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.




ئه‌م بابه‌ته ‌1038 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:12:06/12/2018