سپی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت ئاشکرا دەکات

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەربژێرەکانی خۆی بۆ پۆستە جیاجیاکانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم دەستنیشان دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە بەربژێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت سێ کەسایەتی دیاری ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دیاریکردووە.

سپی زانیوویەتی بەربژێری یەکەم قوباد تاڵەبانی یە جێگری ئێستای سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کوڕە بچووکی تاڵەبانییە، بەپێی ئەو زانیاریانە بەربژێری لە پێشینەی یەکێتی قوباد تاڵەبانی یە، دواتر دوو ناوەکەی تر پێشنیار دەکرێت، ئەگەر لە ساتێکدا ناوبراو ئامادە نەبێت ئەو پۆستە وەربگرێت.

دەربارەی بەربژێری دووەم حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی یە کە بەربژێری حیزبەکەیەتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت.

بەربژێری سێهەمی یەکێتی دەرباز کۆسرەت رەسوڵە، کە لەکاتی نەکردنی ئەو دوو کاندیدەی تردا، ئەوا دەرباز کۆسرەت کاندیدی سێهەم دەبێت.

وا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا وەفدی دانوستانکاری پارتی جارێکی تر سەردانی سلێمانی بکاتەوەو بەجیا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆبێتەوە. رۆژی ١٧ ی تشرینی یەکەم وەفدی پارتی بۆ گوێگرتن لەلایەنەکان و ڕا وەرگرتنیان سەردانی سلێمانیان کردو لەگەڵ هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان بە جیا کۆبوونەوە.

 

PM:07:58:08/12/2018