دەستەی دەستپاكی لێكۆڵینەوە لە 208 كەیسی گەندەڵی ڕادەگەیەنێت

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا 208 كەیسی گەندەڵی لەبەردەستیاندایە و لێكۆلێنەوەی لەبارەوە دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەممە حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دەستەی دەستپاكی هەرێم 208 كەیسی گەندەڵی لەبەردەستدایە و 38 دۆسیەمان رەوانەی دادگا كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "فەرمانی یاساییمان بۆ 37 كەیسی گەندەڵی كردووە بۆ ئەنجامدانی لێكۆلێنەوە لەبارەیەوە و هەروەها 33 دۆسیەی گەندەڵیش یەكلایی بوونەتەوە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم راشیگەیاند، سێ هەزار و 54 فۆڕمی شەفافییەتیان بەسەر بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دابەشكردووە و كە سێ هەزار و 24 فۆڕمیان پڕكراونەتەوە.

رونیشیكردەوە، فۆڕمی دەستەی دەستپاكی بۆ پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە و پێیان پڕدەكرێتەوە، ئەو كەسانەشی خانەنشین دەبن پێویستە بەر لەوەی خانەنشین ببن فۆڕمی دەستەی دەستپاكی پڕبكەنەوە، ئەگەر مامەڵەكانیان بۆ ئەنجامنادرێت.



PM:12:59:09/12/2018