لەسەر سكاڵای فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی كاتیی پەرلەمان بانگهێشتی دادگاكرا و ١٨ی ئەم مانگە دادگاییكردنەكە بەڕێوەدەچێت.
دادگای كارگێڕی هەولێر لە ئاگاداركردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە، داوای لە رێڤینگ هروری سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە، كاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ١٨ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ خۆی یا بریكارەكەی لەبەردەم دادگا ئامادە بێت، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و ڕێڤینگ هروری سەرۆكی كاتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دانیشتنەكەی بە كراوەیی بۆ كاتێكی نادیار دواخست، ئەمەش كاردانەوەی هەردوو فراكسیۆنی نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامی لێكەوتەوە، ٢١ی مانگی ڕابردوو فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سكاڵای لەدژی سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد ئاماژەی بەوە كرد، بە هێشتنەوەی دانیشتنەكە بەكراوەیی و هەڵپەساردنی بۆ كاتێكی نادیار تەواو پێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانی پەرلەمانە.