" جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ گۆڕان‌و جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ یەکێتی "

رۆژنامەنووسی دیاری پارتی، رێبوار کەریم وەلی لە نووسینێکدا دەڵێت " لە حاڵەتێكیشدا كە ئاراستەی گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان (بەتایبەتی گۆڕان و یەكێتی) بەرەو ئەوە بێت كە بەشێوەی مەبدەئی، سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت و ئەوەش بۆ یەكێتی بێت، ئەو كاتە بۆ رازیكردنی گۆڕانیش دەبێ بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی، لە نێوان وەزیری پێشمەرگە و جێگری سەرۆكی هەرێم یەكیان بەر گۆڕان بكەوێت".

لە نووسینی هەفتانەی خۆی، رێبوار کەریم وەلی رۆژنامەنووسی دیاری پارتی لە ستونی ئەمجارەی کە بەناونیشانی " یەکەمجار نێچیرڤان بارزانی سوێند دەخوات " لە رۆژنامەی رووداو نوسیوویەتی" ئاراستەی دانوستاندنی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، دوای راگەیاندنی ناوی بەربژێرەكانی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت، بریتییە لەوەی بە خێرایی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت كە لەوەشیاندا سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلا بووەتەوە و جێگرێك بۆ پارتی و یەكێكیش بۆ پێكهاتەی توركمانە".

هەروەها نووسیوویەتی " لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، رەنگبێ پەرلەمان تەنها بەربژێری حزبی براوە دیاری بكات و سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری كەس بۆ پێكهێنانی حكومەت رانەسپێرێت و چاوەڕێی ئەوە بكرێت كە هەركاتێك نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد (كە ئەوكاتە هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ دەگەڕێتەوە)، بەپێی حوكمەكانی ناو یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەو بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان مەسروور بارزانی وەكو پاڵێوراوی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لە ماوەی 30 رۆژدا رابسپێرێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێش پێكهێنانی كابینەی نۆیەم سوێندی یاسایی دەخوات".



PM:08:35:10/12/2018