عادل عەبدولمەهدى: کاندیدانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریم دیارینەکردووە

سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند ئەوان کاندیدانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرگرییان دیارینەکردووە.

ئاژانسی "فڕانس پرێس" بڵاویکردەوە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەى هەفتەى پێشوودا لەوەڵامى پرسیارێکى ئاژانسەکەیاندا ڕایگەیاندووە وەزیرى ناوخۆ و بەرگرى کاندیدى ئەوان نییە و ئەوان تەنها ئازادی دیاریکردنى حەوت بۆ هەشت وەزارەتیان هەبووە و ئەوانەى دیکە بەپێی ڕێککەوتنى لایەنەکان بووە.

پێشتر هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندبوو، فالح فەیاز کاندیدی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و  هەڵبژاردندیشی بەسەر کەسدا ناسەپێنن.

پەرلەمانى عێراق بۆ جارى دووەم لە پاش شکستهێنانى تەواوکردنى متمانەدان بە کابینەى عەبدولمەهدى ڕۆژى شەممەى ڕابردوو دانیشتنێکی ترى گرێدا و ئەم دانیشتنەش وەک ئەوەى پێش خۆى نەیتوانى چارەنووسى کابینەى ناتەواوى ئێستاى حکومەت بە لایەکدا بخات.

تا ئێستاش هەشت وەزارەت ماون دیاریبکرێن و کێشە و ناکۆکیش لە نێوان لیستى سائیرون و لایەنەکانی تری شیعەدا هەیە و بەو هۆیەوە یەکلانەبووەتەوە.



AM:09:31:12/12/2018