دوو بەرپرسی باڵای عێراق زیندانی دەكرێن

دەستەی نەزاهەی عێراق ئاشكرایكرد، وەزیری پێشووتری دارایی و بەڕێوەبەری بانكی ڕافیدەین بە حەوت ساڵ زیندانیی سزادراون هۆكاری سزادانەكەش ئاشكرادەكات.

بەشی لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهەی عێراق‌ لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە  ١٢كانونی یەكەمی ٢٠١٨ بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە كە دادگای جینایاتی تایبەت بە دەستپاكی لە بەغدا دوو حوكمی غیابی بە حەوت ساڵ زیندانیی بۆ‌ هەردوو وەزیری پێشووتری دارایی (ڕافیع عیساوی) و بەڕێوەبەری بانكی ڕافیدەین دەركردووە بەپێی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی.

دەستەی نەزاهە ئاماژەی بەوەشكردووە،‌ وەزیر و بەڕێوەبەری بانك بەهۆی سەرپێچی بەخشینی قەرزەوە بە یەكێك لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی پەینی كیمیایی بەبێ بوونی مەرجەكان و گرەنتی پێشوەخت، بڕی ٤٠ ملیار زیانیان بە دارایی گشتیی گەیاندووە.

بە پێی بەیاننامەكە دادگا بەڵگە پێشكەشكراوەكانی دەستەكەی بە یەكلاكەرەوە داوەتە قەڵەم و هەمان سزاشی بۆ خاوەنی كۆمپانیاكە و بەڕێوەبەرە ڕێپێدراوەكەی دەركردووە بەپێی مادەی ٤٤٤ی یاسای سزادان، لەگەڵ دەركردنی فەرمانی یاسایی بۆ دەستبەسەردا گرتنی ماڵ و موڵكی سەرجەم سزادراوان.



PM:12:41:12/12/2018