هونەرمەندێکی ناسراوی کورد واز لەکاری هونەری دەهێنێت

هونەرمەندێکی شانۆکار پاش ٢٧ ساڵ لەکاری شانۆیی، وازی لەکاری شانۆیی هێنا.

هونەرمەندی شانۆکار کاروخ ئیبراهیم، دەڵێت "دەمەوێت بەوازهێنانم بایکۆتی هەموو ئەو سیستمە سەقەتە بکەم کە بواری هونەر و رۆشنبیری بەڕێوەدەبات، دەبێت دژی هەموو ئەو سیستمە سەقەتە رابوەستین کە نازانن چۆن ئیدارەی پرسی رۆشنبیری و هونەر بکەن، بایکۆتی هەموو ئەوکەسانە دەکەین کە کەسی شیاونین".

لەبارەی وازهێنانییەوە ئەو هونەرمەندە بە ئێن ئارتی راگەیاندووە "لە نۆ ساڵیدا لەسەر تەختەی شانۆم، بۆیە وازهێنان لەشانۆ بۆ من زۆر قورسە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی هونەر و رۆشنبیری لە هەرێم ئەم بایکۆتە دەکەم، بۆ ئەوەی بەرپرسانی هونەر بەخەبەربێن لەو هەموو گەندەڵی و ناعەدالەتییە لەو بوارە هەیە".

شانۆیی "گوێچکەکانم قسەدەکەن" دوا كاری شانۆیی هونەرمەند "کاروخ ئیبراهیم"ە کە وەک دەرهێنەر کاری بۆ کردووە، لە شانۆییەکەدا هەریەکە لە هونەرمەند گۆران ساڵح و سێبەر ئیبراهیم رۆڵەکانیان بەرجەستەکرد.

ناوەرۆکی شانۆییەکە باس لە چیرۆکی كچێكی ئێزدی دەکات كە لە باوكێكی داعش و ژنێكی ئێزدی لەدایکبووە. شانۆییەکە دیوێكی دیكەی ئازارەكانی ئەو كچ و كوڕە ئێزدیانەیە كە لە ژێر دەستی داعشدا بوون، یاخود بەرهەمی ئەو دەستدرێژییەسێكسیانەن كە چەكدارانی داعش کردوویانەتە سەر كچ و ژنە ئێزدییەکان.

كاروخ ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٩١ دەستی بەكاری شانۆیی كردووە لە ساڵی ٢٠٠٠ وەک دەرهێنەر کاریکردووە و تا ئێستا بەردەوام بووە، مامۆستای بەشی هونەری شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەڵام ئەم شانۆییەی کردە دواکاری و پاش ئەمە بایکۆتی شانۆ دەکات.



PM:09:24:12/12/2018