هەسەدە بەرەو ناوەندی هەجین پێشڕەوی دەکات

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، شەڕڤانان توانیویانە بەرەو ناوەندی شاری هەجین پێشڕەوی بکەن.

مستەفا بالی وتەبێژی هەسەدە، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، پێشڕەوی شەڕڤانان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری هەجین بەردەوامە.

هاوکات شۆن ڕایان وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاندووە، "پێشڕەوییەکانی هەسەدە بە باشی بەڕێوەدەچێت".

لەلایەکی دیکەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد. بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری هەجین و دەوروبەری، زیانی ماددی سەخت بەر هاوڵاتیانی مەدەنی کەوتووە.

هاوپەیمانان لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەدا ڕایانگەیاندووە "بائامانجگرتنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا پێویستی بە ئاگاداربوونێکی زۆرە تا هاوڵاتیانی مەدەنی نەبنە قوربانی، بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەگەری کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەین".

هەسەدە بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان، ماوەی چەندین مانگە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری هەجینی سەر بە پارێزگای دێرزوورن، کە بە دوا پێگەی بەهێزی داعش لە سوریا دادەنرێت.



PM:03:22:13/12/2018