كۆمەڵ لەبارەی پرسی مووچەی سێ مانگەوە هەڵوێست ڕادەگەیەنێت

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵەوە هەڵوێست رادەگەیەنێت و داوا دەكات كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی مووچەی هەر سێ مانگەكە پێكەوە دابەش بكات.

ئەمڕۆ یەك شەممە لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە، فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە "پاش ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 317 ملیار دینار بۆ مووچە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، حكومەتی هەرێم ئەوكات بەڵێنی بە مووچەخۆراندا هەموو 30 ڕۆژ جارێك مووچە لەوادەی خۆیدا دابەش بكات و بەو بڕە پارەی بەغداش دەستكاری بەشێكی پاشەكەوتی كرد، سەرەڕای ئەوەی مانەوەی پاشەكەوت ستەمێكی نایاساییە لەمووچەخۆران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حكومەتە نەریتی پێنەدانی 3 مووچەی هەر ساڵێكی وەك ستەمێكی دیكە پەیڕەو كردووە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ زیادبوونی داهات دەبوو پێداچونەوە بەپاشەكەوت دا بكەن، داهاتی حكومەت ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی كردووە بەبەرزبونەوەی نرخی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكان سەرەڕای ئەوەی بەنایاسایی پێ بژاردن و باج و ڕسومات زیادكراوە".

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاندووە "بەئەركی كابینەی هەشتەمی دەزانین مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 ی ئەمساڵ پێكەوە بدات بەمووچەخۆران، ئەگەر نا پێدانی مووچەی مانگی 10 لە مانگی 1 ی ساڵی 2019 و مووچەی مانگی 11 لە مانگی 2 و مووچەی مانگی 12 لەمانگی 3 هیچ مانایەكی نیە جگە لەوەی هەموو ساڵێك دەیانەوێ 3 مووچە دوابخەن و مافی مووچەخۆران دابین نەكەن".

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردووە "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ گێڕانەوەی ئەو مووچە خوراوانەی ساڵانی پێشوو، پێویستە مووچەی ئەم 3 مانگەش پێكەوە بدرێ بە فەرمانبەران و بۆ ساڵی ئایندەو كابینەی نوێ یاسای بودجە بهێنرێتە پەرلەمان و لەوێ گرفتە داراییەكان چارەسەر بكرێت".



PM:02:21:16/12/2018