سەرۆكی كاتیی پەرلەمان ناچێتە بەردەم دادگا

سەرۆكی كاتیی پەرلەمان كە ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی بەڕێوەدەچێت و رەتیدەكاتەوە كە بچێتە بەردەم دادگا.

رێڤینگ هروری سەرۆكی كاتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە یەكەم دانیشتنی دادگایی كردنمە بە سیفەتی سەرۆكی كاتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان".

وتیشی " زۆر ئاسایی وەرمگرتووە دادگایی كردنەكە، پارێزەرەكەم دەچیتە بەردەم دادگا لەبری خۆم و پابەندم بە هەر بڕیارێكی دادگاوە كە لەو بارەیەوە لەسەر من دەریبكات".

رێڤینگ هروری پەرلەمانتاری پارتی كە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانە، سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی پێسپێردرا كە 6ی تشرینی دووەمی رابردوو بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوەش كە لایەنە سیاسییەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەكەوتبوون، دانیشتنەكەی بە كراوەیی هێشتەوە و لەسەر ئەو پرسەش سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركراوە.

سەرۆكی كاتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتیشی  "لەبەر تەمەنەكەم ئەو پۆستەم گرتە دەست و لەسەر داوای هەموو فراكسیۆنەكان جگە لە چەند كەسێك ئەو دانیشتنەمان بە كراوەیی بەجێهێشت لەپێناو ڕێكەوتنی لایەنە سیاسیەكان و ئاشتەوایی، بەڵام بەداخەوە ئەگەر چی سكاڵاكەم بە ئاسایی وەرگرتووە بەڵام نەدەبوو دەستپێكی پەرلەمان ئەوان بەو شێوەیە بكەن".



AM:09:36:18/12/2018