کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات

کۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی کە لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی سازکرا، بەبێ گەیشتن بەهیچ ئەنجامێک کۆتای هات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و وەفدی مەکەتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی لەسەر پرسی پێکهێنانی کابیەنی نوێی حکومەتی هەرێم هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە کە شایەنی ئاماژە بۆ کردن بێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ١٨ ی کانوونی یەکەم، هاوشێوەی کۆبوونەوەی پێشوو یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە دەبێت لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمدا یەکێتی شەریک بێت لە هەموو پرسەکانی حکومەتدا.

هەروەها سپی زانیوویەتی کە یەکێتی ملنادات بۆ کاراکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم بەبێ وەرگرتنی پۆستێک بەرامبەر ئەو پۆستە، ئەویش کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێی کە سەر بە یەكێتی بێت.

یەکێتی پێیوایە کە ئێستا نابێت لە دابەشکردنی پۆستەکاندا، پۆستی سەرۆکی هەرێم، بەرامبەر پۆستی سەرۆکی عێراق دابنرێت، چونکە لەسەر پۆستی عێراق پارتی ئامادەنەبووە تەوافق بکات و د. بەرهەم ساڵح لە رێگای هەڵبژاردنەوە لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوەو پارتیش کاندیدی هەبووەو سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.

سپی زانیوویەتی گفتوگۆکانی ئەمڕۆ هیچ ئەنجامێکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت وەزیرەکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان لێنەکەوتۆتەوە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ وەک کۆبوونەوەی ١١ی کانوونی یەکەم بووە کە لە هەولێر سازکراو، هەردوولایەن لەو کۆبوونەوەیەشدا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و ، بەدوو کۆبوونەوەی بێ ئەنجامی نێوانیان دادەنرێت.

لە کاتێکدا پارتی دەیەوێت بە ٤٥ کورسیەوە بەپێی بۆچوونی خۆی و لەبەرژەوەندی خۆی شێوازی حوکم و پۆستەکان دابەشبکات، هەروەها یەکێتییش ئێستا بە وەفدێکی نوێوە بەشداری کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی دەکات کە زۆر لە وەفدەکانی پێشووی یەکێتی جیاوازترەو، بەهەمان نەفەسی کاندیدکردنی د. بەرهەم ساڵح بەبێ رەزامەندی پارتی گفتوگۆ سازدەکەن.




PM:03:19:18/12/2018