وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەلی كار بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا دەڕەخسێنێت، وداواش لە هەڵگرانی ئەو بڕواننامەیە دەکات لە ڕێگەی وەزارەتەوە داواكاری بۆ دامەزراندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان پێشكەش بكەن.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند،، بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، وەزارتەكەمان داوا لە هەڵگرانی ماستەر و دكتۆرا دەكات داواكاری بۆ دامەزراندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان وەك میلاك پێشكەش بكەن لەو پسپۆڕییانەی كە لەزانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان دەخوێندرێت .
لەبارەی مەرج و رێنماییەکانی دامەزراندنەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە داواکار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرابێت و لە هیچ شوێنێك دانەمەزرابێت، هەرەوەها نازناوی زانستی هەبێت، ئەو پێشكەشكارانەشی نازناوی زانستییان نییە، پێویستە مەرجەكانی وەرگرتنی نازناوی زانستیان تێدابێت، دواتر لە ڕێگەی ئیمەیڵی (
[email protected]) زانیارییەكان ڕەوانە بكەن.
لەبارەی پێداویستیەكانەوە ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا ماستەر/دكتۆرا داواكارییەكانیان لەڕێگەی cv پێشكەش بكەن، تیایدا بڕوانامەكانیان و نازناوی زانستی ومەرجەكانی وەرگرتنی نازناوی زانستی (ئەگەر نازناوی زانستی نەبێت) هاوپێچ بکەن.