ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی شەش كەسی راگەیاند

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، شەش کەسیان دەستگیرکردووە کە، ویستویانە سەرانە لە خاوەنی بەنزینخانەیەك وەرگرن و دواتر پلانی كوشتنیان داناوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراووە ئاماژەی بەوەکردووە، شەش كەسیان دەستگیركردووە كە تۆمەتبارن بەوەی پێشتر داوایان لە خاوەنی بەنزینخانەیەكی شاری سلێمانی كردووە كە بڕێكی زۆر پارەیان بداتێ وەك سەرانە.

ئەوەش هاتووە، دوای ئەوەی خاوەنی بەنزینخانەكە نەچووەتە ژێر باری هەڕەشەكەیان، تۆمەتباران پلانی كوشتنیان داڕشتووە، بەڵام پێش جێبەجێكردنی پلانەكەشیان لەلایەن هێزەكانیانەوە بەپێی ماددەی (٤٣٠،٤٣١) لەیاسای سزادانی عێراقی سەرجەمیان دەستگیركراون.

لە بەشێكی دیکەی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشدا هاتووە، کە دەستبەسەر چەند ئۆتۆمبێلێك و دوو چەكی كڵاشینكۆف و ٣٠٧ فیشەكدا گیرا كە ویستبوویان تاوانەكەیانی پێ ئەنجامبدەن، تۆمەتبارانیش ڕووبەڕووی یاسا كرانەوە.


PM:02:52:19/12/2018