کەنەکە داوادەکات بەپەلە ناوچەیەکی دژە فڕین لە رۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) داوا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، کە بەپەلە ناوچەیەکی دژە فڕین لە رۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت.

لە پەیامێکدا کە بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردوو،  کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە)  بەپێویستی دەزانێت ناوچەی دژە فڕین لە رۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنێنن و ئەوروپا و روسیاش بێدەنگ نەبن.

هەروەها داواشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە، کە لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای کوردستان.

کەنەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، "تورکیا بە هەڕەشە و پەلامارەکانی دەیەوێت هاوشێوەی عەفرین لە بەشەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژیی ئەنجام بدات، و داگیری بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژیی و بە قوربانیی کردنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لەو بەشەی کوردستان".

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) دەشڵێت ، "خۆبەڕێوەبەرایەتی باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی جیهان بەرخۆدانیان کردوە و شەهید و قوربانییان لە پێناو پاراستنی بەهای مرۆڤایەتی بەخشیوە، بەڵام تورکیا دەیەوێت بە پەلاماردانیان تراژیدیایەکی دیکە لەو ناوچانە دروست بکات".

ئەمەش لەکاتێکدایە شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی فورات لە سوریا راگەیاند، تورکیاش هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات دەکات، کە لەلایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ەوە لە دەستی داعش رزگارکرا.


PM:12:32:20/12/2018