ترەمپ: ئێران و ڕوسیا و سوریا دەبێت خۆیان شەڕی داعش بکەن

دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئێران و ڕوسیا و سوریا دڵخۆشنین بە کشانەوەی هێزەکانیان لە خاکی سوریا و دەبێت چیدی ئەو وڵاتانە بە بێ ئەمریکا شەڕی دژ بە داعش بکەن.

لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ترەمپ ڕاشیگەیاند، ڕوسیا و ئێران و سوریا و ئەوانی دیکە بە کشانەوەی هێزەکانمان لە خاکی ئەو وڵاتە دڵخۆشنین، چونکە دەبێت چیدی ئەو وڵاتانە بە بێ ئەمریکا شەڕی دژ بە داعش و ئەوانەی ڕقیان لێیانە بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، پاش سەرکەوتنیان بەسەر ڕێکخراوی داعشدا لە سوریا، کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانیان بکشێننەوە.

ئەمڕۆش لە ڕاگەیەندراوێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەیان بەوە کرد، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە ئەوا بۆشایی سیاسی و ئەمنی دروستدەبێت و، گەلانی ناوچەکە دەخاتە نێوان بەرداشی هێزە ناکۆک و دوژمنەکانی ناوچەکەوە.

باسیان لەوەش کردووە، شەڕی لەناوبردنی تیرۆر کۆتایی پێ نەهاتووە بەڵکو لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و چارەنوسسازدایە  کە وەها دەخوازێت هەمووان و بەتایبەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری هێزە شەڕکەرەکان بکەن نەک بکشێنەوە، چونکە  کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەری دەبێت لەسەر هەوڵەکانی لەناوبردنی داعش و دەرهاویشتەی مەترسیداری لەسەر ئارامی و ئاشتیی جیهانیی دەبێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە ڕاشیگەیاندووە، ئەم بڕیارە هەلی بەهێزبوونی سیاسی، مەیدانی و عەسکەری  بە تیرۆریستان و پشتیوان و لایەنگرانی دەدات بۆ دووبارە بەهێزبوونەوە و هێرشکردن لە ناوچەکەدا.



PM:06:51:20/12/2018