مامۆستایانى ناڕازى بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

بەشێک لە مامۆستایانى ناڕازى بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند ئەگەر لەسەرەتاى ساڵى ٢٠١٩ پاشەکەوتى موچە لانەبرا چالاکى دەستپێدەکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینى بەشێک لە مامۆستایانى ناڕازى کۆبوونەوە و دواى کۆبوونەوەکەش لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکرد، بڕیاریانداوە ئەگەر لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٩ ەوە پاشەکەوتى مووچە لانەبرا، ناڕەزایەتییەکان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان بەهاوکارى چین و توێژەکان دەستپێدەکەنەوە.

ئەم مامۆستایانە ڕاشیدەگەیەنن بڕیاریانداوە بە دروستکردنى دەستەى ئامادەکارى بۆ چالاکى و هەڵبژاردنەوەى ئەنجومەنى مامۆستایان لەبەروارى ٢٠ى کانونى دووەمى ٢٠١٩ بەئامادەبوونى مامۆستایان و بەدەنگدانى ئاشکرا لە کۆبوونەوەیەکى فراواندا، داواشیان لە سەرجەم مامۆستایانى قەزا و ناحیەکانى دەوروبەرى سلێمانى کرد نوێنەرى خۆیان بۆ ئەنجومەن ئامادە بکەن.

داوشیان لە مامۆستایانکرد ئامادەکارى بکەن بۆ ئەنجامدانى چالاکى، چونکە ئەگەرێکى کراوەیە کە حکومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەیەت.



PM:05:12:21/12/2018