٧٨ کۆچبەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ مانگدا بوونەتە قوربانی


ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، ئاشکرای کرد لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا ٧٨  کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی و  زۆربەیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.
 
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم ٧٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوونەتە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٢٥ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ٥٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.
 
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٢٥ کۆڵبەرەی کە گیانیان لەدەست داوە، ١٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٦ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو (هەرەسی بەفر، سەرما و جەڵتە) ٢ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین و کاسبکارێکیش بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە کاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، کوژراون.
 
زیاترین کۆڵبەر لە پارێزگای ورمێ گیانیان لەدەست داوە کە لەو ماوەیەدا ١٥ کۆڵبەر کوژراون، لە پارێزگای سنە ٦ کۆڵبەر و لە پارێزگای کرماشانیش ٤ کۆڵبەر کوژراون.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە لە کۆی ئەو ٥٣ کۆڵبەرەی کە بریندار بوون، ٥٠ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین و کۆڵبەرێکش بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوون.
 
زیاترین ڕێژەی برینداربوونی کۆڵبەرانیش هەر لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە کە ٤٢ حاڵەت بووە، ١ کۆڵبەر لە پارێزگای سنە و کۆڵبەرێکیش لە پارێزگای کرماشان بریندار بوون.
 
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) زیاتر لە ٨٣٪ی ئەو کۆڵبەرانەی کە وەرزی پاییزی ئەمساڵ لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە دەکاتە ٦٥ حاڵەت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.



PM:03:49:22/12/2018