باوکی ژنەکە چۆنێتی سووتانی ژن و مناڵەکانی چەمچەماڵ دەگێرێتەوە

باوكی ئەو ژنەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا، لە قەزای چەمچەماڵ لەگەڵ سێ منداڵەكەیدا سوتا، دەڵێت"زاواكەی كچ و منداڵەكانی سوتاندووە."

چەند رۆژێك لەمەوبەر لە قەزای چەمچەماڵ، ژنێك و سێ منداڵەكەی لە نێو ماڵی خۆیان دا سوتان، دواتر سێ منداڵەكە گیانیان لەدەستداو ژنەكەش ئێستا لە نەخۆشخانەی سلێمانی لە ژێر چاودێری پزیشكی دایە.

قادر نوری باوكی سێوە قادر( ژنە سوتاوەكە)، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند"زاواكەی بەبریاری دادوەر دەستگیركراوە، چونكە تۆمەتبارە بە سوتاندنی ژن و منداڵەكانی."

وتیشی"كچەكەم كە ئێستا بە سوتاوی لە نەخۆشخانەیە، لەلایەن دادوەرەوە ئیفادەی لێوەرگیراوە و بەوردی چۆنیەتی سوتاندنی خۆیان و منداڵەكانی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە گێڕاوەتەوە."

ئەو سێ منداڵەكەی بە هۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستدا، بریتین لە دارین دیار (تەمەن 5 ساڵ) ، لارین دیار (تەمەن 3 ساڵ)، دەروون دیار (تەمەن 4 مانگ)، دایكیشیان كە ئێستا لە نەخۆشخانەیە ناوی سێوە قادرە.

دەربارەی دۆخی تەندروستی سێوە ی كچی، قادر نوری وتی"كچەكەم بەیانی تەنگەنەفەس بوو، دۆخی تەندروستی باش نەبوو، ئێستا باشترە، هەرچەندە دكتۆرەكان پێیانوتین، كە سێوە سیەكانی سست بووە."

قادر نوری لە زاری كچە سوتاوەكەیەوە، چیرۆكی سوتانی كچ و منداڵەكانی "لەلایەن مێردەكەیەوە"دەگێرێتەوە، دەڵێت "نەوتی پێدا كردوون، دواتر بۆری غازی ژووری چێشتخانەكەی كردۆتەوە، منداڵێكی باوەشی كردووە بە باوكیدا تا نەیانسوتێنێت، بەڵام شەقێكی داوە لە منداڵەكەی و گڕی تێبەرداون."

هۆكاری سوتاندنی ژن و منداڵەكانی لەلایەن "باوكیانەوه"‌ بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی دەگێڕدرێتەوە.



AM:09:39:23/12/2018